لامین یامال ناوی لە دوو لیستی باڵۆندۆر نووسراوە

هەوادارانی تۆپی پێ، ئەمشەو چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر دەکەن، کە لەم وەرزەدا گرنگییەکی زۆری هەیە و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هاوبەشی پێکهێناوە و خەڵاتەکە هاوشێوەی باشترینی جیهان و ئەوروپاش وایە.

لەنێوان سەرجەم بەربژێرەکاندا، لامین یامالی ئیسپانی و ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە یاریزانێکی دیارە و هاوشێوەی جۆکەرێک لەنێوان دوو لیستی بەربژێرەکاندا ناوی هاتووە.

لامین تەمەنی 17 ساڵە و ناوی لە لیستی بەربژێرەکاندا بۆ خەڵاتی باشترینی جیهان، کە باڵۆندۆری سەرەکییە، هەروەها ناوی لە لیستی باشترین لاوەکانیشدا هاتووە، کە بە کۆپا بەناوبانگە.

ئەستێرەکەی بلاوگرانا بۆ خەڵاتی باڵۆندۆر، بەهۆی کەمی دەستکەوتەکانی یانەی بەرشلۆنەوە ناتوانێت شان لە شانی ڤینسیۆز و کارڤاخال و رۆدری بدات، بەڵام لە لیستی باشترین لاوەکانی ئەوروپا رکابەری نییە.

هەرچەندە لەنێو بەربژێرە لاوەکاندا چەندین ناوی گەورەی وەک ئاردا گویلەر، ئەلیخاندرۆ گارناچۆ، پاو کۆبارسی و کۆبی ماینۆ بوونیان هەیە، بەڵام هیچیان دەستکەوتەکانیان ناگات بەوەی لامین بەدەستیهێناوە.

یاماڵ سەرەڕای ئەوەی براوەی ناسناوی یۆرۆیە، توانیویەتی لەگەڵ ماتادۆرەکان لە یۆرۆی 2024 لە حەوت یاریدا، گۆڵێک و چوار ئەسیست تۆمار بکات، هەروەها خاڵی وەرچەرخانی هەڵبژاردەکە و سەرکەوتنەکانیشیبوو لە قۆناغەکانی چارەکی کۆتاییەوە تاوەکو یاریی کۆتایی.

لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەشدا وەرزی رابردوو حەوت گۆڵ و نۆ ئەسیستی کردووە، لەم وەرزەشدا نوێترین دەرکەوتن و شاکارەکانی لە یاریی کلاسیکۆدا بووە بەرامبەر ریال مەدرید.