قەیوم بۆ جێگەی سەرۆک شارەوانییەکەی جەهەپە دانرا
هێرش جەلال 31/10/2024
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیومی لە جێگەی ئەو سەرۆک شارەوانییەی جەهەپە دانا، کە دوێنێ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکرابوو.
ئەحمەد ئوزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت، کە سەر بە پارتی کۆماری گەل جەهەپەیە، دوێنێ چوارشەممە بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکرابوو. ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە جان ئاکسوی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستانبوڵ بە شێوەیەکی کاتیی وەکو سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورت دەستبەکاردەبێت.
داواکاری کۆماریی لە تورکیا رایگەیاندبوو، لە 10 ساڵی رابردوودا چاودێریی پەیوەندییەکانی ئەحمەد ئوزەریان کردووە و دەرکەوتووە کە پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەبووە.
هێرش جەلال
31/10/2024