لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەستیپێکرد

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لە عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی خانەنشینان دەستیپێکردووە.

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی دەستیپێکردووە.

دەستەکە داوا دەکات، ئەو خانەنشینانەی کورتەنامەیان پێدەگات سەردانی بانکەکان و شوێنەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا خانەنشینان و مووچەخۆران مووچەی مانگی 10ـیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 10ـیان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.

هاوکات، سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى دارایى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، لیستی تەواوکاریی مووچەى مانگى 10ـى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانمان بەدەستگەیشت".

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "هەفتەی رابردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستێکیدا بە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام گرفتی هەبوو ئەمڕۆ تەواوکاریی ئەو لیستە بە کاغەز و سی دی درا بە بەشی وردبینیی وەزارەتى دارایى عێراق".

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەمڕۆ هیچ پرۆسەیەکی وردبینی لە لیستەکەی هەرێمى کوردستان ناکرێت و سبەی دووشەممە ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت".

گوتیشى "پرۆسەی وردبینی بۆ ئەو لیستە کراوە کە هەفتەی پێشوو لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە رادەستى وەزارەتى دارایى کرابوو".