سێ سەرۆکشارەوانیی باکوورى کوردستان لابران و قەیووم لەجێگەیان دانرا
وەزارەتى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، سەرۆکشارەوانییەکانى مێردین و ئێلهـ و خەلفەتى لە باکوورى کوردستان لابراون و قەیوم لەجێگەیان دانراوە.
وەزارەتى ناوخۆى تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەرسێ سەرۆکشارەوانییەکە لە دادگا تۆمەتبارن بە پشتیوانیی تیرۆر و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوى تیرۆریستى.
هاوکات، میدیاى فەرمیى تورکیا بڵاویکردەوە، پۆلیس بەردەم بیناى هەرسێ شارەوانییەکەى گرتووە و بڕیارى وەزارەتى ناوخۆى بۆ سەرۆکشارەوانییەکان بردووە.
باس لەوەشکراوە، محەمەد قەرەیلان هاوسەرۆکى شارەوانیی خەلفەتى سەر بە روحا دەستگیرکراوە.
دواى دەرکردنى بڕیارەکە، وەزارەتى ناوخۆى تورکیا رێکارى ئەمنی لە مێردین گرتووەتەبەر و 10 رۆژ قەدەغەى چالاکى و گردبوونەوەى لەو شارە راگرت.
دواى بڕیارەکەش ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکى گەورەشارەوانیى مێردین رایگەیاند، هەنگاو بەرەو دواوە نانێن و لەتێکۆشان بۆ ئاشتى و دیموکراسى و ئازادی بەردەوام دەبن، گوتیشى، دەستبەسەرداگرتنى ئیرادەى گەل قبوڵناکرێت.
هاوکات، گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکى شارەوانى ئێلهـ رایگەیاند، ئەم رژێمە تاڵانکەرە قبوڵناکەن و ئەم شارەوانییە گەل خاوەنێتى دەکات و بۆ گەلیش دەمێنێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتى تورکیا بەردەوامە لە لابردنى سەرۆکشارەوانییەکان و دانانى قەیوم لەجێگەیان، هەفتەى رابردووش ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیورت سەر بە ئیستانبوڵ لە پارتى جەهەپە لابرا و قەیوم لەجێگەى دانرا.
04/11/2024