خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ ژیان و ھونەری شەماڵ سائیب

ھونەرمەندی دیاری کورد شەماڵ سائیب لە سەدەی ڕابردوودا وەک: موزیکژەن، گۆرانیبێژ، مامۆستا و ئەکادیمی، بێژەر و نووسەر لە ساتەوەختێکی زۆر دژواردا دەرکەوت. کە ئەوکات کۆمەڵگای کوردی و ھونەر بەگشتی و موزیکی کوردی بە تایبەتی، بە ھۆکاری باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ژێردەستەیدا لە ئاستێکی نەخوازراودا بوو.

ژیانی تایبەتی: ئەو ناوی تەواوی شەماڵ جەلال سائیبە، لە ساڵی 1930 لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە تەمەنی پانزەساڵیدا ڕوودەکاتە دونیای ھونەری موزیک و یەکەم ھەنگاوی بە بەشداریکردنی لە خولێکی ھاوینە لە ساڵی 1947 دەستپێدەکات، کە دائیرەی مەعاریفی بەغداد لە شاری سلێمانی سازیکردبوو. خولەکە بۆ ماوەی مانگێک و بە شێوازی زانستی وانەکانی پراکتیکی و تیۆری موزیکی لە لایەن چەند مامۆستایەکی بەڕەگەز عەرەبی، پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداوە بەڕێوە چووە. دوای ئەم خولە و لە ھەمان ساڵدا ڕوودەکاتە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداد دەوامی ئێواران، تا قۆناغی چوارەم بەردەوام دەبێت. دواتر دەبێتە خوێندکاری بەشی مێژووی لە و لە ساڵی 1955 بۆ 1956 بڕوانامەی بەکالۆریوس لەمێژوودا لە زانکۆی بەغداد بەدەست دەھێنێت.
لە سەرەتای ساڵی 1960 دا ڕوو دەکاتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕوانامەی ماستەر لە مێژووی موزیکدا لە زانکۆی ئیندیانا بەدەست دەھێنێت. لە ساڵی 1968 دەستدەکات بە خوێندنی دکتۆرا، بەڵام لە ھەمان ساڵدا بە ھۆی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیەوە، داوای گەڕانەوەی لێدەکرێت و ئەویش دەستبەرداری خوێندنەکەی دەبێت و لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستای زانکۆ لە ھەردوو بواری ئەکادیمی و ھونەردا لە خزمەتەکانی بەردەوام دەبێت. دواتر لەگەڵ گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ ھەولێردا، ھەروەک سەرجەم مامۆستاکانی ئەو زانکۆیە ڕوودەکاتە شاری ھەولێر و لەوێ نیشتەجێدەبێت.

وێستگە هونەرییەکانی شەماڵ سائیب

شەماڵ سائیب وێستگەی ھونەری ئەو لە شاری سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵیک ھاوڕێی لەوانە ھونەرمەندان ( قادر دیلان، ڕەفیق چالاک، حەمەساڵح دیلان، بەھجەت سەعاتچی…ھتد) دەست پێدەکات و بە ھۆکاری خوێندنەکەیەوە ھونەری ئەو لە شاری بەغداد گەشە دەکات و پێدەگات.
دواتر لە ساڵانی 1948 بە دواوە وەک یەکێک لە عودژەن و گۆرانی بێژە بە تواناکانی ئیزگەی کوردی بەغدا لەکارە ھونەرییەکانی بەردەوام دەبێت و چەندین ئاواز و گۆرانی بۆ خۆی کۆمەڵیک لاوی ھاوتەمەنی خۆی دادەنێت، زۆر جاریش بەوەوە نەوەستاوە وەکو وەک کۆرسی گۆرانی ڕۆڵی گێڕاوە، بەتایبەت لە ھەندێک لەو ئاوازانەی کە خۆی دایناون. بە ووتەی زۆریک لە ھاوڕێیان و ھاوسەردەمانی، ئەو نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە تەواوی عیراقدا خاوەنی گوێگرێکی زۆر بووەو، زۆرێک لە گوێگر و ھەواداری نەتەوەی عەرەبیشی ھەبووە، کە زۆر بەباشی گۆرانیەکانی (شەماڵ)یان ئەزبەریان بووە و لە زۆر بۆنەی کوردیدا بەزمانی کوردی ھاوشانی کوردانی دانیشتووی بەغدا چڕیویانە. شەماڵ سائیب لە ڕۆژگاری خۆیدا بە ھۆی کاریگەری موزیکی عەرەبی و بە تایبەت سەرسامی بۆ (فەرید ئەترەش) کە بە ئاشکرا لاسایکردنەوەیەکی زەق لە شێوازی چڕینی گۆرانی ووتنیدا بەدیدەکرا، تاوەکو لە ژیانیشدا بووە نکۆڵی لێنەکردووە و دانی بە سەرسامیەکانی و لاسایی کردنەوەی ئەو ھونەرمەندەدا دەنا.

بەهۆکاری لاسایکردنەوەی فەرید ئەترەشەوە رەخنەی زۆر لە دەگیرا

ئاشکرایە شەماڵ سائیب هەمیشە لەلایەن زۆرێک لە موزسیانانی و گۆرانیبێژان و ھەندێک لە ڕەخنە گرانی ئەو ڕۆژگارەوە ڕەخنەی زۆری ئاراستە دەکرا، بەڵام ئەو لەسەر ئەو ستایلەی خۆی کە خۆی باوەڕی پێبووە بەردەوام بووە. گەرچی سوور بوو لەسەر ئەو شێوازەکارکردنە بەڵام هەمیشە بەو رەخنانە نیگەران بوو. بەپێی هەندێک گێڕانەوەی ئەوانەی شەماڵ سائیبەوە نزیک بوون، ئەو زۆر لە هونەرمەندان و رەخنەگرانی شاری سلێمانی نیگەران بووە، هەر ئەو نیگەرانییەی بە هۆکاری نوسینی شعری (چوار جرتەکی) دەزانن.

دوای دەیان ساڵ پێویستە بەجۆرێکی دیکە خوێندنەوە بۆ کارەکانی بکرێت

بەبڕوای من ئەوەی گرنگە بۆ قسەکردن لە سەر ھونەری شەماڵ سائیب ئەوەیە، گەرچی دەیان ساڵ تێپەڕیوە بەڵام پێویستە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بە جۆرێکی بابەتی و واقعییانە دوور لە هزری ناسیۆنالستی بۆ کارەکانی بکرێت. نکۆڵی لەوە ناکرێت شەماڵ سائیب لە ڕۆژگاری خۆیدا توانیویەتی ڕەنگیکی تر و چێژێکی تر لە موزیکی کوردی بێنێتە بوون، کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی واقعی ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو ڕۆژگارە بووە کە تێیدا ژیاوە. ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە ئەو سەردەمە تەوژم و کاریگەری موزیکی میسری نەک تەنھا بەسەر کوردانی باشووری کوردستانەوە بووە، بەڵکو بە سەر تەواوی ئەو ووڵاتانەدا زاڵ بووە کە دەکەونە نێو بازنەی نەتەوەی عەرەب و بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە لە شێوازی داڕشتن و چڕین و ژەنینی موزیکی زۆرێک لە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نەوەڕاستیشدا. ھەر بۆیە دەبینرێت کاریگەری موزیکی عەرەبی بە تەنیا لە کارەکانی (شەماڵ)دا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو لە زۆرینەی گۆرانیبێژانی ئەو ڕۆژگارەی وەک عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و خاڵە سێوە….ھتد، ھەست بە ھەمان گرفت و ئەو کاریگەریانە دەکەین. جگە لەو ھۆکاری دیکە ئەوەیە ژەنیارانی ئەوکاتی ئیزگەی کوردی لە بەغداد ھەموویان بە ڕەگەز عەرەب بوون و لە ھەمان کاتدا بە ھۆی ئەوەی نابینا بوون و زیاتر پشتیان بە گوێ و ھەستی بیستنیان و ئەندێشەیان لەکاتی ژەندندا بەستووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەو خۆ و چێژی موزیکی عەرەبی بە گۆرانیەکانەوە بە جێ ھێشتووە، بۆیە دواجار لەجێی موزیکێک تەواو عەرەبی، میکسێک یان موزیکێکی دوڕەگ لە موزیکی عەرەبی و دەنگیکی کوردی بەرھەم ھاتووە.

ناتوانرێت بە رەهایی بگوترێت بەرهەمەکانی خاڵین لە هەست و چێژی کوردانە

بە بڕوای من لەگەڵ ھەموو ئەم تیبینیانەشدا، ناتوانرێت بگوترێت: ئەو ئاوازانەی شەماڵ یاخود ھونەرمەندانی ئەو سەردەمە کە دایانناون، خاڵین لە موزیک و ھەست و چێژی کوردی. گەرچی شەماڵ لە ڕووی ستایلەوە تەواو جیاوازە لە و ھونەرمەندانەی کە ئەماژەیان پێدرا، بەڵام شەماڵ سائیب بە ھۆی لاسایی کردنەوەی (فەرید ئەترەش)ە وە زۆر بە ئاشکرا مۆرکی عەرەبی بەزەقی بە دانراوەکانیەوە دیارە ھەر بۆیە ڕەخنەکان تۆختر بەری دەکەون. بە بۆچوونی من ئەشێت لەو ڕۆژگارە شەماڵ سائیب دڵسۆزانە ئەو شێوازەی موزیکەی بە شێوازیکی نوێی و پێداویستیەکی باوی سەردەمیانە بۆ ئەوکاتی موزیکی کوردی زانیبێت و ویستبێتی (فەرید)ێک بەزمانی کوردی بۆ نەتەوەکەی بخوڵقێنێت!؟
ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە و گرنگە شیکاری لەسەر بکرێت ئەوەیە، ھەرچی ئەو ئاوازانەی کە دایناوە ئەگەر لەلایەن ژەنیارانی کوردەوە جارێکی دی بژەنرێتەوە، زۆر بە ئاسانی ڕۆحە کوردەواری و موزیکی شارنشینی کوردی دەکرێتەوە بە بەبریدا.

لەم سەردەمەدا ناکرێت تەنیا بەچاوێکی ناسیۆنالستی لەبەرهەمەکانی بڕوانرێت

پرسیار: ئەگەر لەو سەردەمەدا موزسیانی کوردی بە توانا بوونیان بە پێی پێداویستی ئەو سەردەمە و ھاوتای نەتەوەکانی تر ھەبوایە (سائیب) ئەم ستایڵەی ھەڵدەبژارد و بەو جۆرە گۆرانی دەگووت؟ ھەر بۆیە بە بڕوای من ناکرێت ئەو ئاوازانەی کەدایناون بە بیرێکی ناسیۆنالستی و بە چاوێکی بێگانەوە سەیر بکرێت و فەرامۆش بکرێن وەک بەشێک لە میراتی فەرھەنگی گۆرانی کوردی ئەو سەردەمە ھەژمار نەکرێت.

ئەو تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو بەڵکو بێژەر، نوسەر و ئەکادیمیستێکی گەورەی کورد بوو

لە کۆتایدا ئەوە ماوە بڵین شەماڵ سائیب جگە لەوەی کە گۆرانی بێژو موزسیان و کەسێکی تەواو ئەکادیمی بوو، خاوەنی بڕوانامەی ماستەربوو لە مێژووی موزیک و لە زانکۆی ئیندیانا لە ساڵانی 1960 ئەو بڕوانامەی بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1968 خوێندکاری دکتۆرا بووە بەڵام دەستبەرداری بووە. لە هەمان کاتدا خاوەنی زنجیرەیە ووتاری گرنگە دەربارەی موزیک کە لە ڕۆژنامەی ژین و گەلاوێژی ئەو سەردەمەدا بڵاوکراونەتەوە کراوە. ھەروەھا وەک بێژەرێکی سەرکەوتوو توانیویەتی بە سازدانی بەرنامەیەک بەناوی (باخچەی مۆسیقا) لە ئیزگەی کوردی دەیان بەرنامەی و لێدوان لە سەر موزیک بەگشتی و بەتایبەت موزیکی کوردی ئامادە بکات و خودیی خۆشی وەک پێشەکەشکاری بەرنامەکە کاری تێدا بکات. جگە لەوەلەگەڵ دەرکەوتنی تەلەفزیونیشدا وەک یەکەمین ھونەرمەندی کورد توانویتی کلیپ بۆ گۆرانیەکانی بکات، ئافرەت بەدەنگ و ڕەنگ ڕۆڵ بگێرێت لە کارەکانیدا، کە ئەمە بۆ ئەو ڕۆژگاری کۆمەڵگای کوردی و موزیکی کوردی شتێکی نوێ و ھەم نەخوازراو بووە. ناسراوترین گۆرانیەکانی زۆرینەیان لە ئاواز و ھۆنراوەی خۆی بووە، ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی ھێندە ساکار و جوانن کە محاڵە بە ئاسانی لە یادەوەری ھیچ تاکێکی کوردا بسڕیتەوە، نموونە لەو گۆرانیانە:

” ئەرە لەیلێ، ھەی بەردە بەردە، زلیخا، پێم بڵێ پێت دەڵێم، ھاوار سەد ھاوار، وەرە وەرە توخوا وەرە، بۆ تۆیە دڵ…ھتد” کەزادەی ڕۆژگارێکن ئەم سەردەمەی موزیکی کوردی درێژکراوەیەکی ئەو زەمەنەیە. بەداخەوە شەماڵ سائیب ھەروەک ھونەرمەندانی ھاوسەردەمی خۆی بە کولەمەرگی ژیا و دواجاریش بە کولەمەرگی و بەنەخۆشی لە 7/11/198 لە بارو دۆخێکی ناھەمواردا کۆچی دوایی ئەکات و تەرمەکەی لە زێدی خۆی لە شاری سلێمانی، لە گردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت و دوای خۆی سێ کوڕ بە ناوەکانی ژیمۆ و تیشکۆ و سام خەرمانێک لە ئاواز و گۆرانی بۆ نەتەوەکەی بەجێدەھێڵت.