داهاتى کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 59 ملیۆن دۆلار بووە

کارمەندێکى کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى
کارمەندێکى کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى

کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى، بڕى بەرهەمهێنان و قازانجى خۆى لە چارەکى سێیەمى ئەمساڵ راگەیاند، کە زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلار بووە و 20 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.

کۆمپانیاى DNOـى نەرویجى، رۆژى 7ـى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ لە راپۆرتێکدا، داهات و قازانج و بڕى بەرهەمهێنانى لە چارەکى سێیەمى ئەمساڵ ئاشکرا کردووە، کە کۆی گشتیی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە 170 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بووە و قازانجی بەدەستهاتووى کۆمپانیاکە پاش لێدەرکردنى خەرجییەکانی، 20 ملیۆن دۆلار بووە.

دى ئێن ئۆى نەرویجى ئەوەى خستووەتەڕوو، لە چارەکى سێیەمى ئەمساڵ لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە 84 هەزار و 212 بەرمیل نەوتى خاوی بەرهەمهێناوە کە 5.6% بڕى بەرهەمهێنان زیادیکردووە بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەمساڵ.

دی ئێن ئۆ تەنیا لە هەرێمی کوردستان داهاتەکەی 59 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار بووە و نزیکەی 75% پوختەی قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمى کوردستاندا بووە.

کۆمپانیاکە رۆژانە لە کێڵگەى فیشابوور و تاوکێ 84 هەزار و 212 بەرمیل نەوتى خاو لە هەرێمى کوردستان بەرهەمدەهێنێت، بەشێوەیەک 54 هەزار و 520 بەرمیل نەوتى لە کیڵگەى فیشابوور بەرهەمهێناوە، 29 هەزار و 693 بەرمیل نەوتى خاوى لە کێڵگەى تاوکێ بەرهەمهێناوە، بەڵام هیچ بەرهەمێکى لە کێڵگەی نەوتی باشیک نەبووە.

کۆمپانیای دى ئێن ئۆی نەرویجی، لە کێڵگەکانی نەوتی "فیشابوور و تاوکێ" کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.