وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان: شایستەى دارایى جووتیاران مسۆگەرکراوە

فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دڵنیایی دەداتە جووتیاران، بەغداد شایستە داراییەکانیانى مسۆگەر کردووە و نافەوتێت.

شەمسەدین محەمەد، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانی لەوەزارەتى بازرگانی و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "ئەو جووتیارانەى هەرێمى کوردستان، کە ئەمساڵ گەنمیان رادەستى سایلۆکان کردووە، رەزامەندیى لەسەر کۆى خەرجییەکانیان دراوە"، بەڵام هێشتا حکومەتى عێراق 282 ملیار دینارى جووتیاران قەرزدارە.

گوتیشى، "بە تەواوبوونى ساڵى دارایى 2024 کە رۆژى 15ـى کانوونى یەکەمە، گرفت بۆ رەوانەکردنى شایستەى دارایى جووتیاران دروست نابێت و بەغداد بە چەند گوژمەیەک سەرجەم ئەو شایستە داراییەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان رەوانە دەکات".

شەمسەدین محەمەد، ئەوەشى دووپاتکردەوە، هەماهەنگى بەردەوام لەنێوان هەردوو وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان و عێراق هەیە، بۆ رەوانەکردنى ئەو بڕە شایستە داراییەى جووتیاران، کە هێشتا لاى بەغداد ماوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق، 685 هەزار و 974 تۆن گەنمى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ وەرگرتووە، بەڵام هێشتا 282 ملیار دینار قەرزدارى شایستەی گەنمی 2024ـى جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.