راپرسییەک: گرفتە ئابوورییەکان گەورەترین کێشەی تورکیان

یەکێک لە شەقامەکانی تورکیا. فۆتۆ: AP
یەکێک لە شەقامەکانی تورکیا. فۆتۆ: AP

زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەک کە لە تورکیا ئەنجامدراوە دەڵێن، گرفتە ئابوورییەکان سەرەکیترین کێشەى وڵاتەکەیانە و نەبوونی دادپەروەریی و پرسی پەنابەرانیش گرفتى دیکەن.

لە راپرسییەکەدا کە لەلایەن کۆمپانیای ئاساڵ، بۆ توێژینەوە لە 26 پارێزگای تورکیا لە نێوان رۆژانی 20-24ـی تشرینی یەکەم ئەنجامدراوە و دوو هەزار کەسی تەمەن سەروو 18ساڵ بەشدارییان تیادا کردووە، پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کراوە "بە باوەڕی ئێوە گرنگترین کێشەی تورکیا چییە؟".

بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 60.2%ـی بەشداربووان کێشە ئابوورییەکان بە گرنگترین کێشەکانی وڵاتەکە دەزانن و 9.5%یان باوەڕیان وایە نەبوونی دادپەروەریی و 4.4% دیکەشیان دەڵێن، پرسی پەنابەران گەورەترین گرفتی تورکیان.

بەدوای ئەوانیشدا 4%ـى بەشداربووان دەڵێن، بێکاریی و 4%ـی دیکەیان هەموو شتێک لە تورکیا بە کێشە دەزانن، 2%شیان دەڵێن، تیرۆر گەورەترین کێشەی تورکیایە و تەنیا 1.3%ى بەشداربووانى راپرسییەکەى ئاساڵ، کێشەی کورد بە گەورەترین کێشەی وڵاتەکە دەزانن.

بەشێکى دیکەش لە بەشداربووانی راپرسییەکە پەروەردە و تەندروستی، بە کێشەی تورکیا دەزانن.

ئەم راپرسییە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئاماری فەرمیی، رێژەی هەڵاوسان 48.58% و رێژەی بێکاریی 8.6%ـە کە 3.1 ملیۆن دانیشتووى وڵاتەکە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەى 25.6%ـی دانیشتووانى تورکیا ئامادە و خوازیاری کارکردنن، بەڵام هیچ کارێکیان دەستناکەوێت.