هەوڵى هێنانى پاسى چینى بۆ سلێمانى شکستیهێنا
لە ماوەى رابردوودا هەوڵێک لە ئارادا بوو بۆ هێنانى زیاتر لە 200 پاس لەلایەن کۆمپانیایەکى چینییەوە بۆ هێڵەکانى ناوشارى سلێمانى، بەڵام هەوڵەکە شکستیهێنا.
ئارام بابان، ئەندامى ژوورى بازرگانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "لەگەڵ شۆفێرانى هێڵى پاسەکانى سلێمانی کۆبووینەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆمان کرد، بەڵام زۆربەى خاوەن پاسە کۆنەکان لەگەڵ هێنانى پاس نەبوون لەلایەن کۆمپانیاى چینییەوە، چونکە بۆچوونیان وابوو، نرخ و تێچوویى خزمەتگوزارییان زۆرە، هەربۆیە ئەو هەوڵە شکستیهێنا".
روونیشیکردەوە "ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەکى جێگرەوە دەکەین و بەهەماهەنگى لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیى گواستنەوەى سلێمانى ئەو پاسانەى "مۆدیلى 1980و 1981و 1982"ـن دەگۆڕدرێن بۆ مۆدێلى سەروو 2010 ".
بەگوێرەى پڕۆژەکەى ژوورى بازرگانیى سلێمانى، هەر خاوەن پاسێکى کۆن، بڕى 20 ملیۆن دیناری پێدەدرێت بۆ ئەوەى پاسەکۆنەکەى بە پاسى نوێى نیسان یان توێتا بگۆڕێت.
ئارام بابان، گوتیشى "ئەم پڕۆژەیە چوار ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە، ئەو 20 ملیۆن دینارەى دەدرێتە خاوەن پاسە کۆنەکان بە هەشت ساڵ و بەبێ بوونى هیچ سودێک وەردەگیرێتەوە".
پڕۆژەکە لە ساڵى 2025 دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەرایەتى گواستنەوەى سلێمانى، پشتیوانى لە پڕۆژەى چاکسازیى هێڵە گشتییەکان دەکات و بۆ "جوانکردنى سیماى" شار بە "گرنگى" دەزانێت.
لەبارەى چارەنووسى پاسە کۆنەکان، سدیق محەمەد، بەڕێوەبەرى گواستنەوەى سلێمانى، بەکەناڵ8ـى گوت "دوو رێکار دەگیرێتەبەر، یەکەمیان پاسە کۆنەکان دەمرێنرێن، یاخود ئەوانەى تابلۆى ناوەڕاست و باشوورى عێراقییان هەیە رەوانەى ئەو پارێزگایانە دەکرێن".
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، لە شارى سلێمانى هەزار و 400 پاس هەن، 400ـیان کۆنن و بڕیارە بگۆڕدرێن.
15/11/2024