ئەوانەی سەروو چل ساڵن وەرزشبکەن و کێش داببەزێنن تەمەنیان درێژتردەبێت

وەرزشکردن لە هەموو تەمەنەکاندا گرنگە. فۆتۆ: گێتی ئیمجس
وەرزشکردن لە هەموو تەمەنەکاندا گرنگە. فۆتۆ: گێتی ئیمجس

وەرزشکردن لە هەر تەمەنێکدا بێت، سوودی تەندروستی هەیە و یارمەتیی تەمەندرێژی دەدات. توێژینەوەیەکی نوێ کۆمەڵێک زانیاریی نوێ لەسەر وەرزشکردن لە سەرووی 40 ساڵییەوە دەخاتەڕوو.

توێژینەوەکە لە ئوسترالیا کراوە و لەنێوان ساڵی 2003 بۆ 2006 داتای ژمارەیەک کەس کۆکراوەتەوە. دەرخستووە ئەوانەی لە سەرووی 40 ساڵەوەن، ئەگەر بێتوو رێژەی ئەو وەرزشەی دەیکەن بە %40 زیادبکەن، نزیکەی پێنج ساڵ لە تەمەنیان زیاددەکات.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو کەسانەی نایانەوێت وەرزش بکەن، دەتوانن رۆژانە نزیکەی دوو کاتژمێر و 40 خولەک پیادەڕەوی بکەن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەموو کەسێک هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزشبکات، بەجۆرێک کە ئەو کاتە دابەشبکرێت بەسەر پێنج رۆژدا و هەر رۆژێک بۆ ماوەی 30 خولەک بکرێت.

توێژینەوەیەکیش باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی ناتوانن رۆژانە وەرزشبکەن، دەتوانن لە کۆتایی هەفتەکەدا 150 خولەک بەسەر یەکەوە وەرزشبکەن.