بۆچی دەبێت پاش نەشتەرگەریی منداڵبوون پشتێنی پاڵپشتیی سک بەکاربهێنیت؟

دووگیانی کاریگەریی دەروونی و جەستەیی لەسەر خانمان بەجێدەهێڵێت و پاش لەدایکبوونی منداڵەکە هەندێک کات پێویستە بۆ ئاسایبوونەوەی جەستە و دەروونی خانمان. دووگیانی دەبێتەهۆی کشانی پێستی سک و ماسولکەکان هەربۆیە پسپۆڕانی ژنان و منداڵبوون زۆرجار رێنمایی خانمان دەکەن پاش نەشتەرگەریی لەدایکبوونی منداڵ پشتێنی پاڵپشتیی سک بەکاربهێنن.

د. کەژان کاوە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ژنان و منداڵبوون باس لە سوودەکانی بەکارهێنانی پشتێنی پاڵپشتیی سک لەدوای نەشتەرگەریی منداڵبوون دەکات و دەڵێت بەستنی سک بە بەکارهێنانی پشتێنی گونجاو کە پاڵپشتیی سک و ماسولکەکانی سک بکات و لەژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا کۆمەڵێک سوودی هەن کە سەرەکیترینیان ئەمانەن:

  • یارمەتیی زوو چاکبوونەوەی برینەکە دەدات
  • پاڵپشتیی ماسولکەکانی دیواری سک دەکات
  • هەڵئاوسان کەمدەکاتەوە
  • خانمەکە زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات ئەگەر بەشێوازێکی دروست بەکاریبهێنێت

خانمان کەی دەتوانن ئەم پشتێنە بەکاربهێنن؟

لە دوای دوو هەفتە لە نەشتەرگەری مناڵبوون خانمان دەتوانن پشتێنی پاڵپشتیی سک بەکاربهێنن.