وەزیرى پلاندانان: بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ئەم سەرژمێرییە دیاریدەکرێت

وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ئەم سەرژمێرییە دیاریدەکرێت".

دارا رەشید، وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان لەمیانەى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەنجامى سەرژمێرى رێژەى کورسى پارێزگاکان دیاریدەکات".

گوتیشى "جارێکى دیکە جەخت لەسەر گرنگى سەرژمێریى دانیشتووان دەکەینەوە و لەمەودوا کورسییەکانى هەرێمى کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و بەشەبودجەى هەرێمى کوردستانیش پشت بە ئەنجامى ئەم سەرژمێرییە دەبەستێت".

وەزیرى پلاندانان، گوتیشى "هەرکەسێک ئەمڕۆ و سبەى لەهەر شوێنێک بێت لەو پارێزگایە تۆمار دەکرێت و ئەو هاونیشتمانییانەى گەڕاونەتەوە کەرکوک بەبێ کێشە تۆماردەکرێن".

روونیشیکردەوە "وەزیرى پلاندانانى عێراق لەکۆبوونەوە لەبەردەم سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران ئەمەى گوتووە و هەر گۆرانکارییەک لەبڕیارەکان بکرێت ئەوا هەرێمى کوردستان هەڵوێستى دیکەى دەبێت".