قەرزەکانى حکومەتى ئەمریکا 33 ترلیۆن دۆلار تێپدەپەڕێنێت
رای دالیۆ، وەبەرهێنەر و ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی دارایی "مەترسیدار" و ئەگەری قەیرانی قەرزەکان لە ئەمریکا دەکات، کە گەیشتووەتە 33 ترلیۆن دۆلار.
ئاستی قەرزەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەم مانگەدا 33 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش لەکاتێکدایە یاسادانەران لە کۆنگرێس پێش 1ی ئۆکتۆبەر، دانوستاندن لەسەر پڕۆژە یاسای خەرجییەکان دەکەن، کە دوا وادەیە پێش ئەگەری داخستنی حکومەت و زیادبوونی مەترسییەکانی نەدانی قەرزەکان.
ئاستی قەرزەکانی ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان لەنێوان ساڵانی دارایی 2019 بۆ 2021 بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، نزیکەی لەسەدا 50% زیادیکردووە.
کۆمارییەکانى ئەمریکا بەتوندى کار لەسەر کەمکردنەوەى خەرجییەکان دەکەن و بە ناپێویستى دەبینن، دیموکراتەکانیش جەخت لەو خەرجییانە دەکەنەوە کە جۆ بایدن پێشنیاریکردووە.
29/09/2023