پزیشکێکی پسپۆڕ دواکەوتنی گەشەی منداڵان روون دەکاتەوە
دواکەوتنی گەشەی منداڵان بە یەکێک لە گرفتە تەندروستییەکانی منداڵان دادەنرێت کە پێوەری تایبەتیی خۆی هەیە و پزیشکان و پسپۆڕان بڕیاری لێدەدەن.
دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 سەبارەت بەم بابەتە دیدارێکی لەگەڵ دکتۆر چێنەر عومەر عەلی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی ئەنجامدا، تێیدا چەندین زانیاری گرنگ دەربارەی گرفتەکە دەخاتە روو.
دەکرێت سەرەتا بزانین دواکەوتنی گەشەی منداڵ چییە؟ هیچ کاتێکی دیاریکراو هەیە بتوانین بڵێین منداڵێک گەشەی دواکەوتووە؟
د. چێنەر عومەر: دەبێت سەرەتا پێناسەی دواکەوتنی گەشەی منداڵان بکەین، کە بریتییەلە دواکەوتنی گەشەی جەستەیی و گەشەی مێشک و زیرەکی منداڵەکە، بۆیە کاتێک باسی گەشەی منداڵان دەکەین دەبێت بزانین ئایا منداڵەکە لەڕووی جەستەیی و مێشک و زیرەکییەوە گەشەی کردووە یان نا.
سەبارەت بە پرسیاری دووەم، هەر لەچوار مانگ و شەش مانگی تەمەنی منداڵەکەوە واتە لەپێش تەمەنی یەک ساڵەوە، دەتوانین بزانین ئەم منداڵە گەشەی دواکەوتووە یان نا، بێگومان تاوەکوو زووتر ئەم گرفتە دەستنیشان بکرێت باشترە، بۆیە ئێمە بەپێویستی دەزانین هەموو منداڵێك بەبێ ئەوەی نەخۆشیی هەبێت، ساڵی یەک بۆ دووجار بۆ پشکنینی گەشە سەردانی پزیشکی منداڵان بکات. بەڵام منداڵێک کە تازە لە دایک دەبێت واتە لە یەکەم ساڵی تەمەنیدا پێویستە حەوت بۆ نۆ جار بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکی هەبێت سەردانی پزیشکی منداڵان بکات بۆ چاودێریکردنی گەشەی منداڵەکە.
هۆکارەکانی دواکەوتنی گەشەی منداڵ کامانەن؟
د. چێنەر عومەر: لەراستیدا هۆکارەکان زۆرن، بەڵام وەک پێشتر لەچەندین چاوپێکەوتن و وانەی تردا روونم کردۆتەوە هۆکارەکان بەگشتی دەکرێن بە سێ بەشی سەرەکییەوە کە ئەمانەن:
- هۆکاری بۆماوەیی و کرۆمۆسۆمی: منداڵەکە پێش ئەوەی لەدایک ببێت، واتە پێش پیتاندنی ئەو تۆو و هێلکەیەی دەبێت بە دروستبوونی منداڵەکە، بەهۆی کرۆمۆسۆمەکانەوە بڕیاری بۆدراوە کە گەشەی دوادەکەوێت یاخود زیرەکی لەدواوە دەبێت
- هۆکاری ژینگەیی: مەبەست لە هۆکاری ژینگەیی واتە ژینگەی دەوروبەری منداڵەکە، کە دەکرێت ناوسکی دایکی بێت لەکاتی گەشەکردن و دروستبوونی منداڵەکە لەو نۆ مانگەی سکی دایکیدا یان دوای لەدایکبوونی منداڵەکەبێت، ئایا بەهۆی نەخۆشییەوە بێت یان بەهۆی خراپیی خۆراک و گرفتی جەستەیی و دەروونی، لەگەڵ گرفتە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵ دەبێت.
- هۆکاری نەخۆشی: واتە دەکرێت منداڵەکە لەرووی بۆماوەیی و ژینگەییەوە گرفتی نەبێت ، لەسەرەتادا گەشەی باشبووە، بەڵام دواتر بەهۆی نەخۆشییەکی دیاریکراوەوە تووشی دواکەوتنی گەشە دەبێت.
دیارترین ئەو نیشانانە کامانەن ئاماژە بۆ دواکەوتنی گەشەی منداڵ دەکەن؟
د. چێنەر عومەر: کۆمەڵێک نیشانەمان هەیە کە تەنها پزیشک دەیناسێتەوە و کۆمەڵێک نیشانەی دیکەش هەن کە دایک و باوکی منداڵەکەش دەتوانن بیانناسنەوە، بەگشتی ئێمە لە زانستی پزیشکیی منداڵاندا بابەتێکمان هەیە پێیدەوترێت 'مایڵ ستۆن'، کۆمەڵێک ئامانجی تێدایە پێویستە منداڵەکە لە تەمەنێکی دیاریکراودا پێی بگات، بۆ نموونە کە منداڵەکە لە 12 مانگدا پێویستە چەند وشەیەک قسە بکات یان لە ساڵێک بۆ ساڵ و دوو مانگ منداڵەکە پێبگرێت و لەسەر پێ بڕوات، ئەمانە کۆمەڵێک نیشانەن کە ئێمە وەک پزیشک دەیانزانین، کۆمەڵێک نیشانەش هەیە کە دایک و باوک خۆیان دەیزانن، بۆ نموونە منداڵەکە هەرکاتێک لە قسەکردندا یان لە جووڵە و دانیشتن و هەستاندا دواکەوتنێکی ئاشکرای هەبێت هەستی پێدەکەن، بەڵام ئەگەر هەستیان پێنەکرد کاتێک منداڵەکەیان برد بۆ پزیشکی منداڵان بۆئەوەی پشکنینی گەشەی بۆ بکات، پزیشکەکە دەتوانێت دەستنیشانی هەر گرفتێک بکات کە لە گەشەی منداڵەکەدا هەیە.
چارەسەری دواکەوتنی گەشەی منداڵ بە چ شێوازێک دەکرێت؟
د. چێنەر عومەر: لەراستیدا ئەمە بابەتێکی زۆر دوور و درێژە، دەتوانین بڵێین هەموو زانستی پزیشکی بەتایبەتی زانستی پزیشکی منداڵان بەدەوری ئەمەدا دەسووڕێتەوە، پێویستە یەکەمجار بەزووترین کات هۆکاری دواکەوتنی گەشەی منداڵەکە دەستنیشان بکەین، بۆ نموونە منداڵێک بووە بە سێ ساڵ هێشتا پێی نەگرتووە یاخود بوو بە دوو ساڵ و سێ ساڵ سمتی دەرچووە تازە پێی دەزانرێت، لەوکاتەدا چارەسەری زۆر قورس دەبێت، بۆیە یەکەمجار پێویستە بە زوویی هۆکاری دواکەوتنی گەشەی منداڵەکە دەستنیشان بکەین، ئینجا بەتەواوی دەستنیشانی گرفتەکە بکرێت و نەخۆشەکە زۆر نەهێنرێت و نەبرێت، پاشان چارەسەری هۆکاری دواکەوتنی گەشەی منداڵەکە بەگوێرەی دەستنیشانی گرفتەکە بکرێت، کە خۆیان دەبیننەوە لەچەندین جۆر رێگای چارەسەر بە گوێرەی هۆکاری دواکەوتنەکە.
ئەگەر دواکەوتنی گەشەی منداڵ درەنگ چارەسەر بکرێت دیارترین لێکەوتەکانی چین؟
دکتۆر چێنەر عومەر: هەموو ژیانی مرۆڤ پەیوەستە بەئەوەوە کە گەشەیەکی رێکوپێک بکات، بۆ نموونە منداڵێک مێشکی باش گەشە نەکات و پێی نەزانیت و هۆکارەکەی چارەسەرنەکەیت، مندڵێکی شەلەل دەماخ و بیرکۆڵی لێدەردەچێت.
سەرباری ئەوەی ئەم حاڵەتە کارەساتە بۆ خودی منداڵەکە، کارەساتە بۆ کەسوکار و هەروەها ئەرکێکی گەورەیە لەسەر هەموو کۆمەڵگە، بۆیە دواکەوتنی چارەسەرکردنی دواکەوتنی گەشەی منداڵان، ئەرکێکی زۆر گرانە و ماکێکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر منداڵەکە و خێزانەکەی لەرووی ماددی، مەعنەوی، دەروونی و هەموو روویەکەوە، هەروەها ئەرکێکی زۆریشە بۆ کۆمەڵگە، بۆ نموونە بیرکەرەوە منداڵێک گەشەیەکی رێکوپێک بکات، ئەم منداڵە لە خوێندن و ئەرکەکانی رۆژانەیدا سەرکەوتووبێت و ببێت بە کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگە، چەند جیاوازی هەیە بەبەراورد بە منداڵێک کە گەشەی دواکەوتووە کە ئەرک دەبێت بۆ خۆی و خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی لەرووی دەروونی و جەستەیی و ماددی و مەعنەوییەوە.
01/10/2023