دەزگاى ئاسایش هەڵوەشاندنەوەى ویلایەتى کوردستانى داعشى راگەیاند

کەناڵ8 24/11/2024

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، هەڵوەشاندنەوەى گرووپێکى داعشى بەناوى "ویلایەتى کوردستانى" رێکخراوەکە راگەیاند، لە پرۆسەیەکدا کە تیایدا 14 چەکدارى داعش دەستگیرکراون و دەزگاى ئاسایش سێ شەهیدى بەخشیوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە رۆژی 9ـى ئاب تاوەکو 22ـى تشرینى دووەم چەندین ئۆپراسیۆنی کێوماڵکردنیان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و فرۆکە جەنگییەکانی عێراق ئەنجامداوە.

ئۆپراسیۆنەکە ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و هەڵەبجە و رانیەى گرتووەتەوە و تێیدا ویلایەتی کوردستانى داعش هەڵوەشێنراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش ئاماژەى بەوەکردووە، ویلایەتی کوردستانى داعش چەندین پیلانى هەبووە، لەوانە بەستنەوەی شانە نوستووەکانی داعش لە کوردستان و عێراق لەگەڵ "تیرۆریستان" لە وڵاتانی تورکیا و ئێران. دەشڵێت گرووپەکە پیلانى دانانی بازگەی کاتیی بە جلوبەرگی سەربازیی رفاندنی بازرگانان هەبووە.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئامانجێکى دیکەى گرووپەکە بە ئامانجگرتنی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی حکومیی و حیزبی و هاونیشتمانییان و بازگە و سەربازگەکان بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ئۆپراسیۆنەکەى بە تۆڵەکردنەوەى شەهیدانى قەرەداغ و ناوشوان ناوبردووە و دەڵێت لە کۆی ئەم پڕۆسەیەدا دەزگای ئاسایش سێ شەهیدى بەخشیوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەشڵێت لە کۆی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتی کوردستانى داعش، پێنج چەکدارى داعش کوژران و 14ـى دیکەش دەستگیرکراون.

کەناڵ8

24/11/2024