چۆن چارەسەری ئارەقکردنەوەی بنباڵ دەکرێت؟

ئارەقکردنەوە، بە کردارێکی فیسیۆلۆجیی لەش، بۆ راگرتنی هاوسەنگیی پلەی گەرمیی لەش دادەنرێت، زۆرجار ئارەقکردنەوە، بەتایبەت ئارەقکردنەوەی بنباڵ کە لەسەر جلەوە دەردەکەوێت، دەبێتە مایەی نائاسوودەیی بۆ کەسەکە.

چی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئارەقکردنەوەی بنباڵ؟

دیارترین رێگەچارەکانی ئارەقکردنەوەی بنباڵ ئەمانەن:

  • بەکارهێنانی دەرمانی دژەئارەقکردنەوە: دەرمانی دژەئارەقکردنەوە، ئارەقەڕژێنەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخات، هەروەها لە رێگەی لەناوبردنی بەکتریاکانەوە، رێگا دەگرێت لەوەی بۆنی ناخۆش دروستببێت، بەمەش ئارەقکردنەوە کەمدەکاتەوە و بۆنی ناخۆش ناهێڵێت.
  • مەودایەک هەبێت لەنێوان خۆشۆردن و پۆشینی جل: دوای خۆشۆردن و گەرماوکردن، بەتایبەت لە گەرماوە گەرم و شێدارەکان، دەبێت ماوەی دوو بۆ سێ خولەک بوار بهێڵرێتەوە لەنێوان کاتی گەرماوکردن و لەبەرکردنی پۆشاکەکان، بۆ ئەوەی بوار بە جەستە بدرێت سارد و وشک ببێتەوە، بەمەش رێژەی ئارەقکردنەوە لەدوای جل پۆشین کەمدەبێتەوە.
  • تاشینی مووی بنباڵ: مووی بنباڵ دەبێتەهۆی ئارەقکردنەوە و بواردان بە مانەوەی ئارەقەکە بە مووەکانەوە، ئەمەش وادەکات ئارەق بەسەر پۆشاکەکانەوە دەربکەوێت، لەبەر ئەوە تاشینی مووی بنباڵ رێگەیەکی دیکەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.
  • خۆبەدوورگرتن لەو خۆراکانەی ئارەقکردنەوە زیاددەکەن: هەندێک خۆراک هەن، ئارەقکردنەوە زیاددەکەن، وەکو؛ ئەو خۆراکانەی ریشاڵیان کەم تێدایە، سیر، پیاز، خواردنی تیژ و چەور.
  • بەکارهێنانی ئەو خۆراکانەی ئارەقکردنەوە کەمدەکەنەوە: ئەو خۆراکانەی بەئاسانی هەرسدەکرێن، وەکو سەوزە و میوەکان، چای سەوز، پەتاتە و زەیتی زەیتون؛ رێژەی ئارەقکردنەوە کەمدەکەنەوە، چونکە کۆئەندامی هەرس بۆ هەرسکردنیان پێویستیی بە بەکارهێنی وزە و کاری سەخت نییە.
  • لەبەرکردنی پۆشاکی فراوان: .دوورکەوتنەوە لە پۆشینی ئەو جلوبەرگانەی بەلەشەوە دەنووسێن، وا دەکات رێژەی ئارەقکردنەوە کەمترببێتەوە
  • دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی کافایین: کافایین، سیستەمی دەماریی لەش چالاکدەکات و رێژەی ئارەقکردنەوە زیاد دەکات. سەرەڕای ئەمەش، پەستانی خوێن و لێدانی دڵ بەرزتر دەکاتەوە، بەمەش ئارەقە رژێنەکان زیاتر چالاکدەکات و دەبێتە هۆی زیاتر ئارەقکردنەوەی جەستە.
  • وازهێنان لەجگەرەکێشان: جگەرەکێشان ماددەی نیکۆتینی تێدایە، کە زیاتر لە کافایین ئارەقەڕژێنەکان چالاکدەکات، بەمەش دەبێتە هۆی زیاتر ئارەقکردنەوە، سەرەڕای ئەمە، بۆنی هەناسەدان ناخۆش دەکات.
  • رێگەی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ئارەقکردنەوەی بنباڵ هەیە؟

ئەگەر ئەو رێگەچارانەی پێشوو نەبوونە هۆی کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە، بژاردەی بۆتۆکس یان رێگەیەکی تایبەتیی نەشتەرگەری هەیە کە ئەو دەمارانە پەکدەخات بەرپرسن لە چالاکردنی ئارەقەڕژێنەکانی بنباڵ، دوو بژاردەی گونجاوون بۆ چارەسەرکردنی ئارەقکردنەوەی بنباڵ بە ڕێنمایی پزیشک.