چۆن لەهەتاوەوە ڤیتامین دی وەردەگریت؟

هەتاو، سەرەکیترین ڕێگەی وەرگرتنی ڤیتامین دییە
هەتاو، سەرەکیترین ڕێگەی وەرگرتنی ڤیتامین دییە

ڤیتامین دی یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگەکان بۆ جەستەی مرۆڤ. سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ڤیتامینە هەتاوە، بەڕێژەیەکی کەمیش لە خۆراکەوە دەستدەکەوێت، بەڵام ئەو بڕە پێویستیی جەستە تەواوناکات. ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە هەتاوەوە ڤیتامین دی وەربگرن، پێویستە کۆمەڵێک رێنمایی جێبەجێبکەن تاوەکو زۆرترین سوودیان پێبگات و بەدووربن لە زیانەکانی تیشکی سەرووبنەوشەیی، کە لەهەتاودا هەیە. چونکە ئەگەر ئەمجۆرە تیشکە زۆر بەر پێست بکەوێت، دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی پێست. 

چ کاتێک باشە بۆ خۆدانە بەر هەتاو؟ 

باشترین کات بۆ خۆدانە بەر هەتاو، ئەو کاتەیە کە خۆر لەسەر سەرە، واتە ستوونییە. ئەمەش بەگشتی کاتژمێر 11ی بەیانی بۆ 1ی دوانیوەڕۆ دەگرێتەوە. 

 ئایا هەموو وەرزەکان گونجاون بۆ وەرگرتنی ڤیتامین دی لە هەتاوەوە؟ 

هەموو وەرزەکان گونجاو نین بۆ وەرگرتنی ڤیتامین دی لە هەتاوەوە؛ بۆنموونە، لە وەرزی زستاندا خۆر بێهێزە و سوودێکی ئەوتۆی لێ نابینرێت. لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا، باشترین وەرزەکان بریتییەلە هاوین و بەهار.  

کاتی پێویست بۆ مانەوە لەبەر خۆر چەندە؟ 

ئەمە بەگوێرەی جۆر و رەنگی پێست، هەروەها وەرزەکە دەگۆڕێت. ئەو کەسانەی کە پێستیان تۆخ و ئەسمەرە پێویست دەکات ماوەیەکی زیاتر لەبەر هەتاو بن بەراورد بە کەسانی پێست کاڵ. بەگشتی کەسانی پێست کاڵ پێویستدەکات هەفتانە سێ رۆژ، هەر رۆژێک بۆ ماوەی 10-30 خولەک لەبەر هەتاو بمێننەوە. بەڵام کەسانی ئەسمەر و پێست تۆخ پێویستیان بە 25-50 خولەک دەبێت. 

دەبێت جلەکانم چۆن بن؟ 

بۆ وەرگرتنی بڕی پێویستی ڤیتامین دی لە هەتاوەوە، دەبێت لانیکەم سێیەکی پێست رووت بێت. گەر کەسێک بە جلی ژێرەوە بچێتە بەر هەتاو، سوودی زیاترە.

دژەخۆر، چاویلکە یان کڵاو بەکاربهێنم؟ 

هیچیان، بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی پێویستدەکات تیشکی سەرووبنەوشەیی بگاتە پێست. بەڵام دژەخۆر رێگریدەکات لەم کارە. بۆیە نابێت لە کاتی چوونە بەر خۆردا بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیتامین دی، دژەخۆر بەکاربهێرێت. ئەم رێنماییە دەموچاو ناگرێتەوە، چونکە رێژەیەکی کەمی ڤیتامین دی لە پێستی دەموچاودا بەرهەمدێت، بۆیە ئاساییە کڵاو بکرێتە سەر یان لەسەر پێستی ئەم ناوچەیە دژەخۆر بەکار بهێنرێت. 
بەکارهێنانی چاویلکەی رەش پێویستە، چونکە تیشکی سەرووبنەوشەیی دەکرێت زیان بە چاو بگەیەنێت. 

هیچ رێگەیەکی دیکە هەیە ئەگەر نەمەوێت خۆم بدەمە بەر هەتاو؟ 

بەڵێ، دەتوانرێت حەب یاخود دەرزیی ڤیتامین دی وەربگیرێت.