پشكنینی پێشوەخت چییە؟

پزیشکێک پشکنین بۆ چارەخوازێک دەکات
پزیشکێک پشکنین بۆ چارەخوازێک دەکات

پشکنینی پێشوەخت، چەند پشکنینێک لەخۆدەگرێت کە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختی کۆمەڵێک نەخۆشی ئەنجامدەدرێن، لەکاتێکدا کەسەکە هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە.

گرنگی ئەم پشکنینانە لەوە دایە، لەڕێگەیەوە دەتوانرێت ئەو نەخۆشییانە لە سەرەتای دروستبوونیاندا دەستنیشانبکرێن و ئەنجامێکی باشتر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە دەستەبەر بکرێت.

دیارترین پشکنینەکان کامانەن؟

  • پشکنینی کۆلیسترۆڵ: کۆلیسترۆڵ، جۆرێکی گرنگی چەورییە کە لە جەستەی مرۆڤدا بوونی هەیە، ئەم چەورییانە رۆڵی گرنگیان لە بەئەنجامگەیاندنی هەندێک کاری گرنگی جەستەدا هەیە. پشکنینی پێشوەخت بۆ کۆلیسترۆڵ لەڕێگەی خوێنەوە دەکرێت، بەرزیی ئەم چەورییە مەترسییە بۆ توشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن. لە کاتی زوودەستنیشانکردنی ئەم کێشەیە، دەکرێت رێگەکانی خۆپارێزی بگیرێنە بەر، بۆئەوەی کەسەکە دووچاری ئەم نەخۆشییانە نەبێتەوە.
  • پشکنینی ملی منداڵدان: ئەم پشکنینە لەناو خەڵکدا بە پشکنینی شوشەیی ملی منداڵدان ناسراوە. بەمەبەستی دیاریکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، بۆ ئەو خانمانە ئەنجامدەدرێت، کە هێشتا لەرووی سێکیسییەوە چالاکن. گۆڕانکارییە خانەییە نائاساییەکانی ملی منداڵدان، هەموو کاتێک بەمانای توشبوون بە شێرپەنجە نایەن، چونکە هەندێک کات هەوکردنی ملی منداڵدان بە ڤایرۆسێکی دیاریکراو، ئەم گۆڕانکارییە نائاساییە دروستدەکات.
  • پشکنینی مەمۆگرافی: پشکنینی مەمۆگرافی، بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک دەکرێت. ئەو خانمانەی تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە، باشترە هەموو ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک ئەم پشکنینە ئەنجامبدەن، بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا.
  • ناوبینیی کۆڵۆن: ئەم پشکنینە، بە یەکێک لە پشکنینە گرنگەکان دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن و زیادە گۆشتی کۆلۆن، هەموو کەسێک لە تەمەنی 45 ساڵیدا پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجامبدات. ئەو کەسانەی لەناو خێزانەکانیاندا نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن و زیادە گۆشتی کۆڵۆن بوونی هەیە، پێویستە پێش تەمەنی 45 ساڵی هەستن بە ئەنجامدانی ناوبینیی کۆڵۆن.
  • پشکنینی شەکرە یان پێش‌شەکرە: کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە، پێشنیازی ئەوە دەکات هەموو کەسێکی پێگەیشتوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشی جەستەی خۆی، لە تەمەنی 45 ساڵییەوە پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە ئەنجامبدات. سەرەڕای ئەمە، ئەو کەسانەی کێشی زیادەیان هەیە یان قەڵەون، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک کە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشیی شەکرە، پێویستە پشکنین ئەنجامبدەن.

تێبینییەکی گرنگ

هەندێک کەس، لە ترسی ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکان نەرێنی بێت، خۆی بەدوور دەگرێت لە ئەنجامدانیان. ئەمە هەڵەیە، گرنگە هەموو کەسێک لە کاتی پێویستدا ئەم پشکنینانە ئەنجامبدات، بۆئەوەی لە قۆناغەکانی سەرەتا نەخۆشییەکەی دیاریبکرێت و چارەسەری پێویست وەربگرێت.