ژان لوک گۆدار.. گۆشەنیگایەکی هونەری بۆ سینەمای فەڕەنسا
ژان لوک گۆدار، یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرە سینەماییەکانی مێژووی فەڕەنسا، بە ناوەڕۆکی گێڕانەوەی بەهێز و ڕەوتی نوێی فیلمسازی ناوبانگی هەیە.
گۆدار، ڕێکەوتی سێی کانوونی یەکەمی 1930 لە پاریس لە بنەماڵەیەکی سویسری-فەڕەنسی لەدایکبووە، قۆناغی منداڵی و پەروەردەبوونی لە سویسرا بووە، پاشان بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن، گەڕاوەتەوە بۆ پاریس و لەگەڵ نەشونمای سینەما لە شارەکەدا دەستبەکار بووە.

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، وەکو ڕەخنەگری سینەمایی دەستیپێکردووە، لەنێو گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا ڕەخنەکانی سەبارەت بە فیلمەکان دەربڕیوە، هاوشانی فغۆنسوا تروفۆ و کلود شابرۆل، ڕەخنەیان لە شێوازی نەریتیی بەرهەمهێنانی فیلمەکان گرتووە و جەختیان لە هونەریی-بوونی سینەما کردووەتەوە، ئاماژەیان بەوە داوە؛ سینەمای فەڕەنسا خاوەنی هزرێکی داهێنەریی نییە.

گۆدار یەکەم فیلمی خۆی لە ساڵی 1960 دەرهێناوە، ئاڵنگاریی بۆ تەکنیک و شێوازە باوەکانی بەرهەمهێنانی فیلم دروستکردووە، لە شێوازی بڕینی دیمەن و هەڵگرتنی کامێرا و بەکارهێنانی ڕوناکیی سروشتییدا جێدەستی دیارە، هاوتای پرۆڤەکردن لەسەر دەقی فیلمەکان کە بوو بە ڕەوتێکی شۆڕشگێڕانە لە سایەی گۆداردا، هەر لە یەکەم فیلمیدا، توانی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ سینەمای فەڕەنسا دروستبکات و ببێت بە هەوێنی داهاتنی ڕەوتی "شەپۆلی نوێ".
لە کۆتایی شەستەکاندا، فیلمەکانی گۆدار ئاڕاستەیەکی سیاسییان گرتووەتە بەر، سەرنجەکانی خۆی لەسەر بیرۆکە مارکسی و ماوییەکاندا قووڵ کردووەتەوە و بووە بە ئەندامی گرووپێک لە بەرهەمهێنەرە سینەماییە رادیکاڵەکان، هەر لەم قۆناغەدا دەستی بە بەرهەمهێنانی فیلمی تاقیکاریی کردووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ گۆشەنیگا هونەرییە تایبەتەکەی.

گۆدار لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، وەکو دەرهێنەر لە 135 فیلمدا بەشداریی کردووە و سیناریۆی بۆ 102 دانە نووسیوەتەوە، 47 جاریش وەکو ئەکتەر لە بەرهەمەکاندا دەرکەوتووە.
ڕێکەوتی 13ی ئەیلوولی 2022 لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە سویسرا بەخاک سپێردراوە.

3 کاتژمێر پێش ئێستا