جەڵتەی دڵ چۆن چارەسەر دەکرێت؟

جەڵتەی دڵ، بریتییەلە مردنی بەشێک لە ماسولکە خانەکانی دڵ، بەهۆی داخرانی خوێنبەرەکانی دڵ لەئەنجامی نیشتنی چەوری تێیاندا روودەدات، جەڵتەی دڵ ئەگەر بەزوویی چارەسەرنەکرێت، دەشێت ببێت بەهۆی گیانلەدەستدانی کتوپڕی کەسەکە، یان ئەگەر کەسەکە زیندوومایەوە هەلی توشبوونی بەماکەکانی نەخۆشییەکە زیادبکات.

نیشانەکان

  • هەستکردن بە ئازار و نارەحەتی سنگ لە شێوەی سنگ گوشین و هەبوونی پەستانێک لەناوەڕاستی سنگدا
  • نارەحەتی و ئازارەکە بڵاودەبێتەوە بۆ پشت، شان، هەردوو قۆڵ، مل، چەناگە، هەندێک کات بەشی سەرەوەی ناوسک
  • هەناسەتوندی
  • دڵتێکەڵهاتن
  • رشانەوە
  • ئارەقکردنەوە
  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • سەرگێژخواردن

پێویستە هەموو کەسێک ئاگاداربێت هەندێک کات جەڵتەی دڵ نیشانەکانی نموونەیی نین و بە چەند نیشانەیەکی ناتایبەتمەند رەنگە دەربکەوون بۆ نموونە لە بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە رەنگە هەست بە ئازاری سنگ نەکەن. بۆیە باشترە هەموو کەسێک بۆ رێگریکردن لەهەر نەخۆشییەکی نەخوازراو بە رێنمایی پزیشک پشكنینی ساڵانەئەنجامبدات، بەتایبەت ئەگەر نەخۆشیی درێژخایەن یان مێژووی نەخۆشییەکانی دڵ لە خێزانەکەیاندا هەبوو.

چی مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات؟

  • پیاوان لەسەرووی تەمەنی 45 ساڵی
  • خانمان دوای نەمانی سووڕی مانگانە بەتایبەت لە دوای تەمەنی 55 ساڵی
  • نەخۆشیی بەرزە فشاری خوێن
  • بەرزبوونەوەی چەورییە ناتەندروستەکانی خوێن
  • نەخۆشیی شەکرە
  • قەڵەوی
  • جگەرەکێشان
  • خواردنەوە کحولییەکان
  • کەمجووڵەیی و وەرزشنەکردن
  • خواردنی ناتەندروست
  • مێژووی خێزانی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی پێشوەختی دڵ
  • گوشاری دەروونی

ماکەکان

  • سستبوونی دڵ
  • توشبوون بە ناڕێکی لێدانی دڵ
  • هەوکردنی پەردەی دڵ
  • وەستانی دڵ
  • مردن

چۆن خۆپارێزی لە توشبوون بە جەڵتەی دڵ دەکرێت؟

  • بەپەیڕەویکردنی شێوازی ژیانی تەندروست، وەکو وەزشکردن، خەو و خواردنی تەندروست
  • بە چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
  • بە بەکارهێنانی دەرمانەکان وەک رێنمایی پزیشک

چارەسەر چییە؟

گرنگترین لایەنی چارەسەر، بریتییەلە زوو بەدەمەوەچوونی ئەم حاڵەتە و سەردانکردنی بەشی فریاکەوتن لەکاتی هەستکردن بەئازاری سنگ و هەرنیشانەیەک گومانی جەڵتەی دلێ لێبکرێت. چارەسەرەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە:

  • چارەسەرکردن بە دەرمان
  • ئەنجامدانی قەستەرە و شەبەکەوباڵۆن
  • بژاردەی نەشتەرگەری لەکاتی پێویستدا