ئەم جۆرە شێرپەنجانە رێگرییان لێدەکرێت
زانستی پزیشکی کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکردووە، کە مەترسیی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان زیاد دەکەن، خۆپاراستن لەو هۆکارانە دەبێتە هۆی رێگریکردن لە هەندێک جۆری شێرپەنجە. هەندێک لەو هۆکارانە بریتیین لە: جگەرەکێشان، خواردنەوەی مەی بە رێژەیەکی زۆر، خۆراکی ناتەندروست و بەرکەوتنی هەتاو.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامدراوون، دەرکەوتووە دەتوانرێت رێگری بکرێت لەسەدا 40%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا.
یەکێک لە نموونە باوەکان شێرپەنجەی سییەکانە. سەرەکیترین هۆکاری ئەم جۆرەی شێرپەنجە جگەرەکێشانە. بەگوێرەی لەسەدا %90-80ی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوە بۆ جگەرەکێشان.
ئەو هۆکارانە چین کە رێگرییان لێ دەکرێت
ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە کە تاوەکو راددەیەکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی کەسەکە خۆیدان.
بەشی زۆریان پەیوەستن بە ژیانی کەسەکەوە، لەوانە:
- جگەرەکێشان
- خۆدانە بەر هەتاو بەبێ پارێزگاری (بەکارنەهێنانی دژەخۆر)
- خواردنی ناتەندروست و خواردنە لەقوتوونراوەکان
- خواردنەوەی کحول بەڕێژەیەکی زۆر
- وەرزشنەکردن و قەڵەوی
- توشبوون بە نەخۆشییە بە-سێکس گوازراوەکان

كام لەم هۆکارانەی سەرەوە مەترسیدارترینە؟
- جگەرەکێشان
یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارەکان. بەپێی توێژینەوەکان، دەرکەوتووە دەبێتە هۆکاری زیاتر لە 15 جۆری شێرپەنجە، کە باوترینیان شێرپەنجەی سییەکان، سورێنچک و گەدەن.
- قەڵەوی
دەرکەوتوە قەڵەوی دەبێتە هۆکاری زیاتر لە 13 جۆری شێرپەنجە. لە پاش جگەرەکێشان، دووەم گەورەترین هۆکاری زیادکردنی مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجەیە. تاوەکو کێشی کەسەکە زیاتربێت، مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە زیاتردەبێت.
- مەی
یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە گرنگەکان. تەنیا لە ساڵی 2020 لە بەریتانیا، 170 هەزار کەس بەهۆی کحوولەوە تووشی شێرپەنجە بوون. کحوول دەبێتە هۆی ئەم جۆرە شێرپەنجانە: شێرپەنجەی مەمک، ناودەم، جگەر و سورێنچک.
- هەتاو
هەتاو تیشکی سەرووبنەوشەیی تێدایە، بەرکەوتنی زۆری ئەم تیشکە بە پێست، دەبێتە هۆی شێرپەنجە. بەگوێرەی توێژینەوەکان دەرکەوتووە لەسەدا 90%ی میلانۆما، کە کوشندەترین جۆری شێرپەنجەی پێستە، دەتوانرێت بە خۆپاراستن لە تیشکی خۆر، رێگری لێ بکرێت.
چۆن ئەگەری توشبوون بەو شێرپەنجانە کەمدەکرێنەوە ؟
- وازهێنان لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان
- بەکارهێنانی دژەخۆر لەکاتی چوونەدەرەوەدا
- خۆراکی تەندروست
- کەمکردنەوەی خواردنەوەی مەی
- وەرزشکردن
- هەبوونی کێشێکی تەندروست
- خۆپاراستن لە نەخۆشییە بە-سێکس گواستراوەکان
04/02/2024