دەکرێت کەسێک بچێتە کۆماوە و چاک ببێتەوە؟
کۆما لەهۆشخۆچوونێکی درێژخایەنە, تێیدا کەسەکە هیچ کاردانەوە و وەڵامێکی نییە بۆ دەوروبەرەکەی. ئەو کەسەی لە دۆخی کۆمادایە، زیندووە، وەکو ئەوە وایە خەوتبێت، بەڵام ناتوانرێت بەهیچ شێوازێک بەئاگا بهێنرێتەوە، تەنانەت بە ئازاردانی زۆریش.
هۆکارەکانی کۆما چین؟
کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەن بۆ توشبوون بە کۆما، هەموویان پەیوەستن بە زیانگەیشتن بە مێشکەوە؛ بۆنموونە:
- زەبرگەیشتن بە مێشک بەهۆی رووداو یان لێدانێکەوە
- تێکچوونی هاوسەنگیی تواوەکانی جەستە
- دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرمیی لەش
- خوێنبەربوونی ناوەکی لە مێشکدا
- جەڵتەی مێشک
- دابەزین یان بەرزبوونەوەی زۆری رێژەی شەکری خوێن
- نەگەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بە مێشک، بەهەر هۆکارێک بێت
- هەوکردنی میکرۆبی
- گەشکە
ئەگەر کەسێک چووە کۆماوە، ئومێدی ئەوەی هەیە بە هۆش بێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەوێتە سەر هۆکاری کۆماکە و کەسەکە. هەندێک لە هۆکارەکان ئەگەر زوو چارەسەریان بۆ بکرێت، لەوانەیە کەسەکە بەهۆشخۆی بێتەوە و ژیانێکی ئاسایی بژی؛ بۆ نموونە، ئەگەر هۆکاری کۆماکە زەبرگەیشتن بێت بە مێشک، ئەگەری بەهۆشخۆهاتنەوە زیاترە بەراورد بە کەسێک کە بەهۆی کەمیی ئۆکسجین یان ژەهراویبوونەوە توشبووە.
ئەگەر کەسێک چووە کۆماوە، دوای چەند بەهۆش خۆی دێتەوە؟
ئەم پرسیارە وەڵامێکی دیاریکراوی نییە، چونکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی دۆخی کۆما لە دوو بۆ چوار هەفتە زیاتر بەردەوام نابێت. پاش ئەو ماوەیە کەسەکە یان هۆشی دێتەوە یان ئومێدی هۆشهاتنەوەی زۆر کەمدەبێتەوە.
ئەو کەسانەی لە کۆمادان، ئاگایان لە چواردەورییان هەیە؟
دەکرێت کەسێک بچێتە کۆماوە و ئاگای لە دەوروبەرەکەی بێت، بۆیە گرنگە بە میهرەبانییەوە قسەی لەگەڵدا بکرێت، ئەو شتانە بکرێت کە کەسەکە حەزی لێیە؛ بۆ نموونە، ئەگەر ئارەزووی بۆ موزیک هەبووە، دەکرێت موزیکێکی ئارام لەو ژوورەدا لێبدرێت کە لێی دەمێنێتەوە.
دۆخی کۆما دەبێتە هۆی هیچ کێشەیەک بۆ کەسەکە؟
بەڵێ، ئەو کەسانەی دەچنە کۆماوە، ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشیی هەوکردنی میزەڕۆ زیاترە، هەروەها بەهۆی زۆر مانەوەیان لەسەر جێگە، خوێنیان خەست دەبێتەوە و تووشی مەیین دەبێت یان پشت و سمتیان تووشی برین دەبێت.
05/10/2023