فڕۆکەکانی سووریا بۆردوومانی پردێکی نێوان حەما و حومسیان کرد
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا فڕۆکەکانی سووریا پردی رەستەن کە پردێکی ستراتیجی سەر رێگای شاری حەما و حومسە بۆردوومانکرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێرشەکە بە ئامانجی رێگریکردنە لە بەرەوپێشچوونەکانی دەستەى تەحریری شام و دابینکردنی ئاسایشی شاری حومس.
پێشتر فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووريا راگەيەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە چەکدارەکانیان شەڕی توندیان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشە یەک لە دوای یەکانەی گرووپە چەکدارەکان لە میحوەرە جۆراوجۆرەکانەوە ئەنجامیانداوە.
لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە دەستەى تەحریری شام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەستی بەهێرش بۆسەر چەند پارێزگایەکی سووریا کردووە، سەرەتا پارێزگای حەلەبییان لە سووریا کۆنترۆڵکرد و دوێنێش پارێزگای حەما کە لەلایەن سوپای سووریاوە پارێزگاری لێدەکرا لەلایەن دەستەى تەحریری شامەوە کۆنترۆڵکرا و ئێستاش مەترسی لەسەر شاری حومس هەیە.
06/12/2024