رۆیتەرز: ئێران موشەک و درۆن رەوانەی سووریا دەکات
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، ئێران بەنیازە موشەک و درۆن رەوانەی سووریا بکات و ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لەو وڵاتە زیاد بکات.
ئەو بەرپرسە، کە نەیویستووە ناوی خۆی بۆ ئاژانسەکە ئاشکرا بکات، رایگەیاندووە، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریای هاوپەیمان، ئێران موشەک و کەرەستەی سەربازی و درۆن ئاڕاستەی سووریا دەکات.
گوتیشی، تاران هەموو هەنگاوێکی پێویستی ناوە بۆ زیادکردنی ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە سووریا و جێگیرکردنی هێز لەو وڵاتە.
بەرپرسەکە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا تاران تەنیا پشتیوانیی هەواڵگریی پێشکەش بە سووریا دەکات.
پێشتریش پێگەی 'والا'ی ئیسرائیلی بڵاویکردبووەوە، لە ئیسرائیل ترس هەیە سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ئێرانی بۆ شەڕکردن لە سووریا و هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداریداوە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە سووریا، ئەوەش لەرێگەی ناردنی هەزاران چەکدارەوە بۆ ئەو وڵاتە.
تارانیش بەڵێنیداوە، بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیی حکومەتی سووریا بکات و ناردنی راوێژکاری سەربازیی بۆ حەلەب بەدوور نەزانیوە، بەڵکو ئەمە دەبەستنەوە بە پێشهاتەکانی سەر زەوی و بڕیارەکانی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
06/12/2024