فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە منبج تەقییەوە

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، درۆنێکی بۆمبرێژکراو دوو ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی لە منبج دەکاتە ئامانج و ئەنجوومەنی سەربازیی منبجیش ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هێزەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانەوە نەکراونەتە ئامانج.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی سەر بەهێزەکانی نزیک لە تورکیا لەیەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەنجوومەنی منبج تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی منبج کوژراون.

هاوکات ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، ناوچەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە نزیک منبج لەلایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە بەئامانج گیراوە و ئەندامی ئەوان نەکوژراوە.

لەماوەی رابردوودا دەیان رووبەرووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی نزیک لە تورکیا روویداوە و بە هۆیەوە چەندین ئەندامی هەردوولا کوژراون.