روانگەى سوورى: گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی زیاتر لە 90%ـی پارێزگای دەرعای سووریایان کرد

لۆگۆى روانگەى سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ
لۆگۆى روانگەى سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵی زیاتر لە 90%ـى پارێزگای دەرعایان کردووە.

روانگەی سوورى بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان سوپای سووریا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای دەرعا لە باشووری وڵاتەکە، بڵاویکردووەتەوە، دوای کشانەوە یەک لەدوا یەکەکانی هێزەکانی سوپای سووریا، گرووپە چەکدارەکان توانیویانە شارەکانی دەرعا و بەلەد و شارەدێی ئیزراع کۆنترۆڵ بکەن، بەوەش ئەو گرووپانە لە 90%ـى پارێزگاکەیان کۆنترۆڵکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە پێشڕەویەکانیان لە مەیدانی جەنگ و داوایان لە ئەندامانی سوپای سووریا و هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە کردووە لە سوپا جیا ببنەوە و پەیوەندی بەریزەکانی ئەوانەوە بکەن.

بەگوێرەی رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوایین پێشڕەوی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاراستەی بنکەی سەربازی تەلخەزری سوپای سووریا بووە کە لەدوای رووبەرووبوونەوەیەکی توند سوپای سووریا ناچار بە کشانەوە کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە 27ـى تشرینی دووەمەوە گرووپە چەکدارەکان لە باکوورەوە لە سنووری ئیدلیبەوە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا دەستپێکرد و پارێزگاکانی حەلەب و حەما و بەشێکی زۆری حومسیان کۆنترۆڵکردووە.