وەزیری دەرەوەی ئێران: داهاتووی بەشار ئەسەد نادیارە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. فۆتۆ: AP
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. فۆتۆ: AP

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، داهاتووی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا نادیارە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چارەنووسی بەشار ئەسەد نادیارە، بەڵام هێزەکانی "بەرەی بەرگری" بەردەوام دەبن لە رۆڵی خۆیان، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی مەترسییەکانی سووریا بە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ساڵی 2011ـەوە چاوەڕوانی رووخانی رژێمی ئەسەد بوون، بەڵام رووداوەکان سەلماندوویانە پێشبینییەکان لەم چوارچێوەیەدا مەترسیدارن چونکە بارودۆخەکە بە بەردەوامی لە گۆڕانکاریدایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی ئاشکراکرد، رەنگە سووریا رووبەڕووی سیناریۆی مەترسیداری وەک شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی وڵات، یان کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی وڵاتەکە له لایەن گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە.

عەباس عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە هاوڕان لە پاڵپشتیکردنی یەکێتی و و سەروەریی خاکی سووریا.

ئەم گوتانەشی لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدادی پایتەختی عێراق، عەباس عێراقچی رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی سووریا بەهەر نرخێک بێت.