کۆشکی سپی: بایدن چاودێریی رووداوە نائاساییەکانی سووریا دەکات

کۆشکی سپی
کۆشکی سپی

کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەوردی چاودێری ئەو رووداوە نائاساییانە دەکات کە لە سووریا روودەدەن.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، جۆ بایدن، دواى راگەیاندنى هەڵاتنى بەشار ئەسەد و گرتنى پایتەختى وڵاتەکە لەلایەن یاخیبووانەوە، بەوردى چاودێریی دۆخى سووریا دەکات.

هاوکات، شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن و لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدان.

پێشتریش کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەمریکا نیگەرانە لەو دۆخەی کە هەیە و ترسی ئەوەیان هەیە ململانێی ئێستا هاندەری سەرهەڵدانەوەی داعش بێت، یان ببێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریا و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەى جێهێشتووە.