پێنج جۆرە سەرەکییەکەی تامکردن بزانە

تامکردن یەکێکە لە هەستە سەرەکییەکان و خواردن و خواردنەوەکان هەڵدەسەنگێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت کامەیان سەلامەتە و زیانی پێ ناگەیەنێت. بێجگە لەمە پرۆسەی تامکردن یارمەتیی هەرسکردن دەدات.

تامکردن بەهۆی توانەوەی ماددە کیمیاییەکان لە دەمدا روودەدەن، ماددەکان دەلکێن بە هەستەوەرەخانەکانی سەر زمانەوە و لەم خانانەوە ئاماژەی دەماری دەنێررێت بۆ مێشک و ئیدی کەسەکە دەزانێت چی تامکردووە.

مرۆڤ دەتوانێت چەند جۆرێکی تام جیابکاتەوە و هەر جۆرێکیان بۆ قۆناغەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ گرنگ بوون.

سەرەکیترین جۆرەکانی تام کامانەن؟

یەکەم: شیرینی

تامی شیرین لە توانەوەی شەکرەکان یان کحول دروستدەبێت، هەندێک جۆری پرۆتینیش تامی شیرین دروستدەکەن. زانایان دەڵێن تامکردنی شیرینی بۆ ئەوە دروستبووە کە مرۆڤ ئەو خۆراکانە بناسێتەوە کە بڕێکی زۆری وزەیان تێدا چڕبووەتەوەم خۆراکە شیرینەکان زۆرجار دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدرات کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەن بۆ مرۆڤ.

نموونەی خۆراکە شیرینەکان ئەمانەن: هەنگوین، میوەکان، کێک و شیرینییەکان.

دووەم: ترشی

تانی ترشی لە ترشەکانەوەیە و بەهۆی ئایۆنەکانی هایدرۆجینەوە دروستدەبێت، زۆرجار خۆراکە خراپبووەکان دەترشێن، هەربۆیە زانایان دەڵێن لەوانەیە ئەم هەستە بۆیە دروستبووبێت کە ئەو جۆرە خۆراکانە بناسرێنەوە. بەڵام گرنگە بزانرێت کە هەموو خۆراکە ترشەکان مەترسیدار نین، بۆ نموونە ئەم خۆراکانە سەلامەتن: سرکە، هەندێک گیراوەی میوەکان، هەندێک تووەکان، ماست و دۆ.

سێیەم: سوێر

سوێری زۆرجار بەهۆی خوێی چێشتەوە دروستدەبێت، بەڵام دەکرێت جۆرەکانی دیکەی خوێ کانزاییەکانیش ئەم تامە دروستبکەن. خواردنی بڕی پێویستی خوێکان گرنگ بۆ پاراستنی شلە و کانزاکانی جەستە، بەڵام نابێت لە بڕی پێویست تێبپەڕێت. خۆراکە سوێرەکان ئەمانەن: خۆراکە لەقوتوونراوەکان و سوێرکراوەکان.

چوارەم: تاڵی

تاڵی بەهۆی چەند پێکهاتەیەکی جیاوازەوە روودەدات و زۆرینەی پێکهاتەکان رووەکین. پسپۆڕان دەڵێن بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ژەهرە رووەکییەکان تاڵن، باوباپیرانمان بۆیە ئەم هەستەیان بۆ دروستبووە بۆ ئەوەی لەو جۆرە رووەکانە بەدووربن. بەڵام هەموو جۆرە خۆراکە تاڵەکان ژەهراوەی نین، بۆ نموونە قاوە و چوکلێت تاڵن و سوودی تەندروستیشیان هەیە.

پێنجەم: تامی گۆشت

ئەم تامە بەهۆی توانەوەی پڕۆتینەوەیە و ترشە ئەمینییەکان دروستیدەکەن. پسپۆڕان دەڵێن ئەم تامە هۆکارە بۆ ئەوەی حەزی خواردنمان زیاتر بێت و پڕۆتینەکان زیاتر وەربگرین. ئەم جۆرە تامە لە گۆشت، پەنیر و هەندێک بەهاراتەوە وەردەگیرێت.

ئەو گرفتە تەندروستییانە چین کە کاریگەرییان لەسەر هەستی تامکردن دەبێت؟

  • هەوکردنی هەناسەدان
  • هەوکردنی گوێی ناوەڕاست
  • چارەسەری تیشک بۆ شێرپەنجەی مل و سەر
  • هەندێک جۆری دەرمان، بۆ نموونە دژەهەوکردنەکان و دژەهەستەوەرییەکان
  • بەرکەوتنی هەندێک جۆری قڕکەرە کیمیاییەکان
  • نەشتەرگەریی قوڕگ، لووت و گوێ
  • نەشتەرگەریی دەرهێنانی ددانی ژیری
  • زەبری سەر
  • هەندێک گرفتی ددان
  • ناخاوێنیی دەم و ددان