قڵیشانی کۆم چییە و زیاتر کێ تووشی دەبێت؟
قڵیشانی کۆم، بریتییەلە قڵیشانێکی بچووک، لە شانە تەنکەکانی ناوپۆشی کۆمدا دروستدەبێت، دەبێتە هۆی ئازار و خوێنلێهاتن، بەتایبەت لەکاتی پیساییکردندا.
ئەم نەخۆشییە، دەکرێت لە هەموو تەمەنێکدا ببینرێت، بەڵام بەزۆری لە منداڵی تازە لەدایکبوو و خانمانی دووگیاندا روودەدات.
نیشانەکان
- هەستکردن بە ئازار لەکاتی پیساییکردن
- سووتانەوە و خورانی کۆم لەکاتی پیساییکردن
- بینینی خوێن لە پیساییدا
- هەستکردن بە گرژبوونی ماسولکەکانی کۆم
- هەستکردن بەبوونی گرێیەک لە پێستی نزیک درزەکەدا
هۆکارەکانی قڵیشانی کۆم چین؟
- قەبزیی درێژخایەن و فشارکردن لە کاتی پیساییکردن
- سکچوونی درێژخایەن
- پیسایی رەق و گەورە
- سێکسی کۆم
- نەخۆشیی کرۆنز یان هەوکردنی برینی درێژخایەنی کۆڵۆن
- شێرپەنجەی کۆم
- هەندێک هەوکردنی ڤایرۆسی
- نەخۆشیی سیل
ماکەکان
- چاکنەبوونەوەی نەخۆشییەکە
- سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە
- درێژبوونەوەی قڵیشانەکە بۆ ماسولکەکانی دیکەی دەوری کۆم
قڵیشانی کۆم بەچی لە مایەسیری جیادەکرێتەوە؟
قڵیشانی کۆم و مایەسیری زۆربەی نیشانەکانیان هاوشێوەن، دەکرێت لەرێگەی زانینی تایبەتمەندیی نیشانەی ئازارەوە، قڵیشانی کۆم لە مایەسیری جیابکرێتەوە. قڵیشانی کۆم، بەزۆری ئازاری کۆمی لەگەڵ دەبێت، لە کاتێکدا مایەسیری بەگشتی ئازاری لەگەڵ نییە، لەهەندێک حاڵەتی کەمدا نەبێت. ئازاری قڵیشانی کۆم، ئازارێکی ناوبەناوە، هەموو کاتێک هەستیپێناکرێت و زیاتر لە کاتی پیساییکردندا دەردەکەوێت، بەڵام لەو حاڵەتە کەمانەی مایەسیری کە ئازاری لەگەڵە، ئازارەکە بەشێوەی بەردەوام هەستیپێدەکرێت.
قڵیشانی کۆم چۆن چارەسەر دەکرێت؟
بەگشتی، دەکرێت قڵیشی کۆم بەم رێگایانە چارەسەر بکرێت:
- چارەسەرکردن بە دەرمان لەژێڕ رێنمایی پزیشک
- چارەسەر بە نەشتەرگەری لەکاتی پێویست
06/10/2023