بەریتانیا: دۆخی ئێستای سووریا زۆر ناجێگیرە

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆیشتنی ئەسەد کارێکی باشە، بەڵام دۆخی ئێستای سووریا زۆر ناجێگیرە، ستارمەر دەڵێت، دەبێت مەرجەکانمان بۆ رەتکردنەوەی تیرۆر و توندوتیژی بخەینەڕوو و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە سووریا گفتوگۆ ئەنجامبدەین.

لە سەردانێکیدا بۆ سعودیە، ستارمەر رایگەیاند، لە ئێستادا بەریتانیا ناتوانێت هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەستەی تەحریری شامدا هەبێت، چونکە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

ستارمەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "گفتوگۆی چڕ" لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو و جیهاندا دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی مەدەنی و کەمینەکان پارێزراو دەبن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریدا و گوتی، رۆیشتنی بەشار ئەسەد هیچ گەرەنتییەکی ئاشتی بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا ناهێنێت.

لامی لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، نابێت بێزاری لە کردەوە شەڕانگێزییەکانی ئەسەد و ئەوانەی پشتگیرییان کردووە کوێریان بکات لە بەرامبەر مەترسییەکانی ئەم ساتەوەختە.

راشیگەیاند، ئەمە ساتێکی مەترسیدارە و دەرفەتێکە بۆ سورییەکان و ناوچەکەش، دەربارەی جێهێشتنی سووریا لەلایەن ئەسەدەوە، گوتی: "مشکی دیمەشق هەڵهات بۆ مۆسکۆ و کلکی خستە نێوان قاچەکانیەوە".

ئەم قسانەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی 15 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ سووریا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە.