لێدوانى کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا بۆ کەناڵ8 لەبارەى یەکلایکردنەوەی کەیسی پەنابەرانی سووریا

نووسینگەی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا
نووسینگەی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا

بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا لەلێدوانێکدا بە کەناڵ8 ـى راگەیاند، بەهۆی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و "رووخانی رژێم"ـی وڵاتەکە، بۆ یەکەمینجار بڕیاریانداوە یەکلایکردنەوەی کەیسی پەنابەرانی سووری رابگرن.

نووسینگەی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ کەناڵ8 ئاشکرایکرد، بە وردیی چاودێری دۆخی سووریا دەکەن و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە، بۆچوونیان وایە هێشتا زووە بڕیاری کۆتایی لەبارەی راگرتنی تەواوەتی کەیسی پەنابەرانی سووریا بدەن.

گوتیشی "تاوەکو ئێستا روون نییە گۆڕانکارییەکانی سووریا یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان، ئەگەر دۆخی سووریا سەقامگیر بوو، نووسینگەی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبەران، بڕیارەکانی لەبارەی مافی پێدانی پەنابەرێتى لەگەڵ دۆخەکەدا دەگونجێنێت و بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەوبارەیەوە دەدات".

بەگوێرەى ئامارى نووسینگەکە کە بۆ کەناڵ8ـى ناردووە، ئێستا 974 هەزار و 395 هاوڵاتی سووریا بە کۆچبەر و پەنابەرەوە لە ئەڵمانیا دەژین، لەو ژمارەیەش لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کانوونی یەکەمی ئەمساڵ 72 هەزار و 420 سووری، داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەشکردووە، دۆسیەى 47 هەزار و 270 کەس یەکلانەبووەتەوە.