کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان چییە؟ 

فرەکیسیی هێلکەدان لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار لە ناوچەی حەوز
فرەکیسیی هێلکەدان لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار لە ناوچەی حەوز

کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان ناڕێکییەکی هۆڕمۆنییە، کاردەکاتە سەر ئەو خانمانەی لە تەمەنی منداڵبووندان و کاریگەریی هەیە لەسەر سووڕی مانگانە و توانای وەچەخستنەوە. هەندێک لە خانمانی توشبوو، هێلکەدانیان کیس دروستدەکات، بۆیە پێی دەگوترێت کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان. 

کام هۆڕمۆنانە تێک دەچن؟ 

  • ئەندرۆجینەکان: ئەمانە بە هۆرمۆنی نێرینە ناسراون، چونکە بەشێوەیەکی ئاسایی رێژەیان لەناو جەستەی نێرینەدا زۆرە و لە لەشی مێیەنەدا زۆر کەمن، بەڵام ئەو خانمانەی کە توشی کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان دەبن، ڕێژەی ئەم هۆرمۆنانە تیایاندا بەرزدەبێتەوە.
    ئنسولین: ئەم هۆرمۆنە ڕێژەی شەکری خوێن رێک دەخات. لەو کەسانەدا کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدانیان هەیە، بەرگریی خانەیی دژی ئنسولین زیاد دەکات.  
  • پڕۆجیسترۆن: ئەم هۆرمۆنە زیاتر لە جەستەی ژناندا هەیە، تێکچوونی ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی تێکچوونی سووڕی مانگانە. 

نیشانەکانی فرەکیسیی هێلکەدان چین؟ 

سەرەکیترین نیشانەی ئەم نەخۆشییە بریتییەلە تێکچوونی سووڕی ئاسایی مانگانە. 

نیشانەکانی دیکە: 

  • زیادبوونی موو لەو ناوچانەی لە جەستەی ژناندا کەمتر موویان لێ دێت، وەکوو چەناگە و قۆڵ 
  • زیپکە 
  • پەیدابوونی پەڵەی ڕەش لە مل و ژێرباڵ 
  • شێوانی باری دەروونی 
  • ئازار لە ناوچەی حەوز 
  • زیادبوونی چەوریی ورگ و حەوز 

ماکەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟ 

  • کێشەی دووگیانبوون: ئەو خانمانەی کە توشی کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان دەبن، ئەگەری منداڵبوونیان کەمە، بەڵام زۆرجار دوای وەرگرتی چارەسەر، خانمەکە دەتوانێت دووگیان ببێت 
  • بەرزبوونەوەی شەکری خوێن: لەوانەیە خانمانی تووشبوو ڕێژەی شەکری خوێنیان بەرزببێتەوە و لە داهاتوودا توشی شەکرە ببن. یان دوای ئەوەی دووگیان بوون، توشی شەکرەی کاتی دووگیانی ببن. 
  • بەرزبوونەوەی چەوری 
  • بەرزبوونەوەی فشاری خوێن  
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ 
  • کێشەی خەوتن

چارەسەر هەیە؟ 

کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان، کۆنیشانەیەکە چارەسەرێکی یەکجاریی نییە، بەڵام کۆمەڵێک دەرمان هەن کە چارەسەری نیشانەکان دەکەن. بەپێی پێویستیی دۆخی نەخۆشەکە، پزیشکی پسپۆر دەرمانی پێویستی بۆ دادەنێت

ئەی خۆم پێویستە چی بکەم؟ 

ئەمەیان گرنگترین بەشە لە چارەسەرکردنی کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان. سێ شت هەن پێویستە کەسی توشبوو ئەنجامیان بدات: 

  • کێشدابەزاندن: زۆرینەی ئەو خانمانەی کە توشی کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان دەبن، کێشیان زیادە. زۆرجار دابەزاندنی %10ی کێش، دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی سووڕی مانگانەیان و نەمانی بەشێک لە نیشانەکانیان. 
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی ناتەندروست و پڕشەکر: لە کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەداندا، ڕێژەی شەکر بەرز دەبێتەوە، بۆیە گرنگە خانمان بەپێی ڕێنمایی پزیشکەکەیان بڕۆن و ڕێژەی خواردنی شەکر و خواردنە پڕشەکرەکان کەمبکەنەوە 
  • وەرزشکردن: وەرزشکردن وا دەکات گەشەی ماسولکەکان زیاد بکات و بەرگریی خانەیی بۆ ئنسولین کەم ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە لە جەستەی خانماندا و بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات.