دەرهێنانی ئاوی پشت چییە؟
ئاڤار سەڵاح 14/10/2023
دەرهێنانی ئاوی پشت بریتییەلە وەرگرتنی نموونەیەک لە ئەو شلەیەی دەوری مێشک و دڕکەپەتکی داوە، لەرێگەی بردنەناوەوەی دەرزییەک لە بەشی خوارەوەی پشت.
ئەم شلەیە، بەشێوەیەکی ئاسایی، شلەیەکی روونە؛ شەکر، پرۆتین و خرۆکەی سپی خوێنی تێدایە. بۆ دەستنیشانکردن و هەندێکجاریش وەکو چارەسەر بۆ چەند نەخۆشییەکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت.
دەرهێنانی ئاوی پشت بۆچی دەکرێت؟
- بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن لە کۆئەندامی مێشک و دەمار
- بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مێشک
- بۆ دەستنیشانکردنی چەند نەخۆشییەکی دەماری
- بۆ پێوانەکردنی شلەی دەوری مێشك و دڕکەپەتک
- بۆ کەمکردنەوەی پەستانی ناو کاسەی سەر
چ کاتێک پێویستە ئەم کردەیە ئەنجامنەدرێت یان بەوریاییەوە ئەنجام بدرێت؟
- کاتێک دۆخی تەندروستیی چارەخوازەکە جێگیر نەبێت
- بوونی هەوکردن لە شوێنی وەرگرتنی نموونەکە لە پشتدا
- کاتێک کەسەکە گرفتی خوێنبەربوونی هەبێت
- لە کاتی بوونی ئاوساوی لە دیسکی دەماری چاودا
- کاتێک باری هۆشداری کەسەکە بەتوندی دابەزیبێت
- بەماوەیەکی کەم پاش فێلێهاتن
ماکەکان
- سەرئێشەی دوای دەرهێنانی ئاوی پشت
- پشتئێشە
- خوێنبەربوون
- هەوکردن
- فتقی مێشک، ئەگەر پێشتر پشکنینی سیتی سکانی مێشکی بۆ نەکرابێت
چارەخواز پێویستە چۆن خۆی بۆ دەرهێنانی ئاوی پشت ئامادەبکات؟
- پێویستە مێژووی تەواوی نەخۆشییەکە بدات بە پزیشک
- پزیشک ئاگاداربکاتەوە لە بەکارهێنانی هەر دەرمانێکی خوێنڕوونکردنەوە
ئاڤار سەڵاح
14/10/2023