دەوالیی گون دەبێتە هۆی نەزۆکی؟
دەوالیی گون بریتییەلە هەڵئاوسان و فراوانبوونی تۆڕی خوێنهێنەرەکانی گون.
نیشانەکانی دەوالی گون چین؟
زۆربەی کات دەوالی گون بێنیشانەیە و هەستیپێناکرێت، بەڵام کاتێک نیشانەی لەگەڵ بوو، ئەمانەن:
- هەستکردن بە ئازارێکی کەم، بەڵام بەردەوام
- هەستکردن بەبوونی قورسییەک، وەک ئەوەی لایە توشبووەکە رابکێشرێت
- هەڵئاوسانی گون
- بچووکبوونەوەی قەبارەی گون
هۆکارەکانی دەوالیی گون چین؟
تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو و بەڵگەی زانستیی تەواو لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی دەوالیی گون بەردەست نین. بەڵام ئەوەی زانراوە دەوالی گون بەزۆری و بە نزیکەیی 80% بۆ 90% لە لای چەپی گون روودەدات، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی خوێنهێنەرەکانی لای چەپی گون.
ماکەکان
دەوالیی گون کاریگەری لەسەر زیندەچالاکییەکانی گون دروستدەکات، بەتایبەت لەسەر کوالێتیی تۆوەکان، لەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی تۆوەکان و کەمبوونەوەی رێژەی دەردانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گون، لەئەنجامی کۆبوونەوەی خوێن لەناو تۆڕی خوێنهێنەرەکانی گون روودەدات.
دەوالیی گون رەنگە ببێتەهۆی روودانی نەزۆکی لە پیاواندا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڵگەی زانستیی تەواو لەبەردەست نییە کە چۆن دەبێتەهۆی نەزۆکبوونی پیاوان.
چارەسەر
- چارەسەر بەڕێگەی هەندێک دەرمانی دیاریکراو
- چارەسەر بەڕێگەی نەشتەرگەری لەم کاتانەدا:
- هەستکردن بە ئازارێکی زۆر، کە بە دەرمان ئازارەکە ناڕەوێتەوە
- بچوکبوونەوەی قەبارەی گون
- کەمبوونەوەی ژمارەی تۆوەکان
- ئەگەر دەوالی ببێت بەهۆی نەزۆکی
12/10/2023