وەزارەتی ناوخۆی نەمسا بۆ کەناڵ8: داواکاریی پەنابەرانی سووریا راگیراون

لۆگۆى وەزارەتی ناوخۆی نەمسا
لۆگۆى وەزارەتی ناوخۆی نەمسا

وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رایگەیاند، راوێژکاری نەمسا، گێرهارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ راگرتنی سەرجەم داواکارییەکانی پەنابەرانی سووریا و پێداچوونەوە بە پێدانی مافی پەنابەرییاندا.

وەزارەتی ناوخۆی نەمسا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ8ـدا گوتی، ئەوان بەرنامەیەکی رێکخراو بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووری ئامادە دەکەن.

راشیگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارە نوێیەکە کاریگەریی لەسەر دۆسییەی نزیکەی 7 هەزار و 300 پەنابەری سووری دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا کە بە کەناڵ8 دراون، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، 95 هەزار و 180 هاوڵاتی سووری نیشتەجێی نەمسا بوون، لەماوەی مانگی تشرینی دووەمی 2024دا، 12 هەزار و 871 داوای پەنابەری لەلایەن پەنابەرانی سوورییەوە لە نەمسا پێشکەشکراون.

لە ئامارەکاندا ئەوەش هاتووە، لە ساڵی 2015 تاوەکو تشرینی دووەمی 2024، 86 هەزار و 905 پەنابەری سووری مافی پەنابەرییان لە نەمسا وەرگرتووە، لە ساڵی 2015 تاوەکو تشرینی دووەمی 2024، 17 هەزار و 421 هاوڵاتی سووری مافی مانەوەی کاتییان وەرگرتووە. ئەوەش بەو مانایە دێت کەسەکە وەکو پەنابەر ناناسێنرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی مافی مانەوەی پێدەدرێت.

بارودۆخی سیاسیی سووریا، وەکو وەزارەتی ناوخۆی نەمسا دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و بەخێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا سەرقاڵی چاودێری و شیکردنەوەی دۆخەکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکانی پەنابەری، لەوانە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان، دۆسییە هەڵوەشاوەکان و دۆسییەکانی یەکگرتنەوەی خێزانی وابەستەن بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەوە."