رۆژووی زانستی چییە و سوودەکانی چین؟
رۆژووی زانستی پەیڕەویکردنە لە سیستمێکی خۆراکی،تیایدا کەسەکە خۆی دەگرێتەوە لە هەموو خواردن و خواردنەوەیەک جگە لە خواردنەوەی ئاو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە رۆژێکدا یان چەند رۆژێک لە هەفتەدا. واتە، جیاوازیی ئەم جۆرەی پارێز لەگەڵ رۆژووی ئایینی ئیسلام تەنیا لەوە دایە کە لە رۆژووی زانستیدا دەتوانرێت ئاو بخورێتەوە.
چۆن پەیڕەوی لەم سیستەمە خۆراکییە دەکرێت؟
چەندین رێگای جیاواز هەن بۆ پەیڕەویکردن لەم سیستەمە خۆراکییە، دیارترینیان ئەمانەن:
- بەڕۆژووبوونی 12:12
واتە کەسەکە دەتوانێت بۆ ماوەی 12 کاتژمێر خۆی بەدووربگرێت لە هەموو خواردن و خواردنەوەیەک، جگە لە خواردنەوەی ئاو، 12 کاتژمێرەکەی دیکەش دەتوانێت خواردن بخوات.
پەیڕەوکردنی رۆژووی زانستی بەم رێگەیە، بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە تازە دەیانەوێت دەستبکەن بە ئەنجامدانی ئەم سیستەمە خۆراکییە. هەروەها بۆ ئاسانکاری خۆیان دەتوانن ماوەی بەرۆژووبوونەکە بخەنە کاتی خەوتنەوە.
- بەڕۆژووبوونی 16:8
کەسەکە دەتوانێت بۆ ماوەی 16 کاتژمێر بە رۆژوو ببێت، لەم ماوەیەدا تەنیا خواردنەوەی ئاو رێگەپێدراوە، ماوەی 8 کاتژمێرەکەی دیکەش دەتوانێت خواردەمەنی بخوات و بخواتەوە. بەڵام ئەگەر ئامانجەکەی کێش دابەزاندن بێت، باشترە رێژەیەکی کەمتر لە کاتی ئاسایی کالۆری وەربگرێت. ئەم رێگەیە بۆ ئەو کەسانە باشە کە هەستدەکەن بە 12 کاتژمێر بەڕۆژووبوون سوودی ئەوتۆ لە پەیڕەوکردنی رۆژووی زانستی نابینن.
باشترە کەسەکە لە کاتژمێر 8ی ئێوارە ژەمی ئێوارە بخوات، دواتر واز لە خواردن و خواردنەوە بهێنێت، جگە لە خواردنەوەی ئاو، تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی دواتر.
- بەڕۆژووبوونی 20:4
ئەم رێگەیە، بەهەمان شێوەی رێگەکانی پێشوو پەیڕەودەکرێت، تەنها ماوەکەیان جیاوازە. بۆ ئەو کەسانە باشە کە دەیانەوێت بەزوویی بگەن بەو ئامانجەی، دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم جۆرەی پارێزەوە پێی بگەن.
- بەڕۆژووبوونی 5:2
لەم جۆرەیاندا، دەبێت کەسەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا بەڕۆژوو بێت، کالۆرییەکان زۆر سنوردار بکات، رۆژەکانی تر دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی بڕی پێویست لە کالۆری وەربگرێت بەشێوەیەک زیادەڕەوی تێدانەبێت.
سوودەکانی رۆژووی زانستی چین؟
- کێشی لەش دادەبەزێنێت: پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە خۆراکییە کێشی لەش دادەبەزێنێت، لەڕێگەی سووتاندنی چەورییە ناتەندروستە کەڵەکەبووەکانی جەستە.
- کاری مێشک چالاکدەکات: رۆژووی زانستی، لەڕێگەی باشترکردنی زیندەچالاکییەکانی جەستە، کاری مێشک باشتردەکات، هەروەها خەمۆکی کەمدەکاتەوە.
- رێگری لە توشبوون بە زەهایمەر دەکات: توێژینەوە پزیشکییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە خۆراکییە، رێگریدەکات لە پووکانەوەی خانەکانی مێشک و لەبیرچوونەوە و توشبوون بە زەهایمەر.
- تەندروستیی دڵ باشتر دەکات: لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی بەرزەفشاری خوێن، شەکری خوێن و چەورییە ناتەندروستەکان، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە و تەندروستیی دڵ باشتر دەکات.
- بەرگریی لەش بۆ ئینسۆلین کەمدەکاتەوە: رۆژووی زانستی، مەترسیی توشوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 کەمدەکاتەوە، لەڕێگەی پاراستنی هاوسەنگیی شەکری خوێن، بەهۆی باشترکردنی وەڵامدانەوەی خانەکانی جەستە بۆ ئنسۆلین.
چۆن ئەنجامی ئەم سیستەمە خۆراکییە باشتردەکرێت؟
- پێویستە خەوی تەندروست بکرێت بە نەریت، واتە خەوتن بەبڕی پێویست لەکاتی گونجاوی شەوان.
- وەرزشکردن کاریگەریی سوودەکانی ئەم سیستەمە خۆراکییە خێراتر و باشتر دەکات.
- ئاو خواردنەوە بەبڕی پێویست، نزیکەی 3 بۆ 4 لیتر ئاو لە رۆژێکدا بۆ کەسێکی پێگەیشتوو پێویستە.
- ئەو خۆراکانە بەکاربهێنرێت كە بەهای خۆراکییان بەرزە، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەو خۆراکانەی کاربۆهیدراتێکی بەرچاو یان چەوریی ناتەندروستییان تێدایە.
17/10/2023