هۆکارێکی نامۆی لەکارکەوتنی گورچیلە
هەموو پزیشکێک، یاخود خوێندکارێکی کۆلێجی پزیشکی کاتێک زانیاریی سەبارەت بە نەخۆشییەک وەردەگرێت یان سەبارەت بە نەخۆشییەک دەخوێنێتەوە و فێردەبێت، هۆکارە باوەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە فێردەبێت، هاوکات سەبارەت بە هۆکارە ناباوەکانی نەخۆشییەکە دەخوێنێتەوە، بەڵام زۆرینەی پزیشکان، لە ژیانی کرداریی خۆیاندا، سەرەتا بیر لە هۆکارە باوەکان دەکەنەوە، کە لە کتێبە زانستییەکاندا نووسراون و کە لە ژیانی رۆژانەشدا زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە، بەڵام چیرۆکی نەخۆشێک پێماندەڵێت کە پێویستە پزیشکان هۆکارە دەگمەنەکانیشیان لەیادبێت.
هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشیی گورچیلە، یاخود لەکارکەوتنی لەناکاوی گورچیلە زانراون، بەڵام ئەم حاڵەتە ئەو راستییەمان بیردەخاتەوە کە پێویستە گرنگی بە هۆکارە دەگمەنەکانیش بدرێت. ئەم بابەتە، چیرۆکی چارەخوازێکە، خانمێکی گەنج کە بە نیشانەی توندی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر چووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
چارەخوازەکە پێش توشبوونی بە نیشانەکان، لەفەیەکی لە مەکدۆناڵدز خواردووە و لەڕێی بەکتریای ئی کۆلایەوە تووشی هەوکردن بووە. هەوکردنەکە ئەوەندە توندبووە، کە پاش چوونەوەی بۆ ماڵەوە، چارەخوازەکە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، حاڵەتەکە توشی لەکارکەوتنی لەناکاوی گورچیلەکانی کردووە و پێویستی بە چارەسەری شتنەوەی گورچیلە بووە. ئەم حاڵەتەش پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە پاش سەردانکردنی یەکەم دەرکەوتووە و پزیشکەکان گومانی روودانی حاڵەتێکی لەو جۆرەیان نەکردووە.
ئەم حاڵەتانە دەرخەری ئەو راستییەن کە لەکارکەوتنی گورچیلە هەندێجار بە هۆکارێکی نامۆ روودەدات کە رەنگە چاوەڕوانکراو نەبێت. د. جۆزێف ڤاسالۆتی، سەبارەت بەم رووداوە رایگەیاندووە: "کاتێک راهێنانی پزیشکیم وەردەگرت، بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە دەکرێت لە یەکەی راوێژکاری حاڵەتی لەناکاوی لەکارکەوتنی گورچیلە ببینین." سەبارەت بەم حاڵەتەش، پزیشکەکە باس لەوە دەکات کە ناتوانێت لەسەر کەیسێک قسە بکات کە خۆی نەیبینیوە و چارەسەری نەکردووە، بەڵام لە حاڵەتی توشبوون بە هەر نەخۆشییەکی لەناکاودا، پێویستە بیر لە تەندروستیی گورچیلەکان بکرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت.
13/12/2024