ئەمریکا یەکەمین کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە لوبنان راگەیاند

چەند تانکێکی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان. فۆتۆ: AFP
چەند تانکێکی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان. فۆتۆ: AFP

ئەمریکا یەکەمین کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلى لە شارۆچکەیەکی باشووری لوبنان راگەیاند و سوپای لوبنانیش جێگەى گرتووەتەوە، ئەمەش وەکو جێبەجێکردنی رێککەوتنی واشنتن و پاریسە بۆ وەستاندنى جەنگ.

فەرماندەیى ناوەندى ئەمریکا "سێنتکۆم" لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکرد، وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست، جەنراڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیى ناوەندی ئەمریکا لە شارۆچکەی خیام لە لوبنان لە کاتی یەکەم کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و جێگرەوەیان بە هێزە چەکدارەکانی لوبنان ئامادەبووە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، هەنگاوەکەی ئیسرائیلی بە گرنگ بۆ جێبەجێکردنی وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ و پێکدادانەکان ناوبردووە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیوای 7ـى سوپا ئەرکەکەی لە خیام لە باشووری لوبنان کۆتاییهاتووە.

گوتیشى، "بەگوێرەى لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەست و بە هەماهەنگی ئەمریکا، سەربازانی هێزە چەکدارەکانی لوبنان بەهاوبەشی لەگەڵ سەربازانی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە باشووری لوبنان لە ناوچەکە جێگیرکراون".