سنگەکوژێ چییە؟

پیاوێکی بەتەمەن هەست بە ئازار لە سنگیدا دەکات
پیاوێکی بەتەمەن هەست بە ئازار لە سنگیدا دەکات

سنگەکوژێ (زەبحە)، بریتییەلە دروستبوونی ئازار یان ناڕەحەتییەک لە ناوەڕاستی سنگ، بەهۆی کەمبوونەوەی چوونی خوێن و ئۆکسجین بۆ بەشێكی دیاریکراوی ماسولکەی دڵ، لە ئەنجامی تەسکبوونەوە یان گیرانی یەکێک یان زیاتر لە خوێنبەرەکانی دڵ. سنگەکوژێ، دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ بوونی نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ.

جۆرەکانی سنگەکوژێ

  • سنگەکوژێی جێگیر: ئازارەکە لە کاتی چالاکییدا دروستدەبێت، بە پشوو وەرگرتن نامێنێت
  • سنگەکوژێی ناجێگیر: بە حاڵەتێکی فریاکەوتن دادەنرێت، ئازارەکە بە بچوکترین چالاکی دروستدەبێت و توندییەکەی زیاددەکات، دەکرێت لە کاتی پشووشدا بەردەوامبێت
  • سنگەکوژێی پاڵکەوتن: ئەم جۆرەیان لەکاتی پاڵکەوتنی کەسەکەدا روودەدات
  • سنگەکوژێی جۆراوجۆر: بەهۆی گرژبوونی خوێنبەری دڵەوە دروستدەبێت

چی مەترسیی دروستبوونی سنگەکوژێ زیاددەکات؟

هەرشتێک ببێتەهۆی ئەوەی ماسولکەکانی دڵ پێویستیان بە خوێن و ئۆکسجینی زیاتر بێت، هەلی دروستبوونی سنگەکوژێ زیاد دەکات، بۆنموونە؛ چالاکیی جەستەیی، بەرکەوتن بەسەرما یان گەرمای توند، خواردنی قورس، خواردنەوەی کحولی و جگەرەکێشان.

نیشانەکان

  1. هەستکردن بە نارەحەتی و ئازاری سنگ، وەک ئەوەی بگوشرێت
  2. گوازرانەوەی ئازارەکە یەکێک یان زیاتر لەمانە: بەشی سەرەوەی پشت، شان، هەردوو قۆڵ، مل، چەناگە یان دەوروبەری گوێ
  3. هەناسەتوندی
  4. ئارەقکردنەوە
  5. دڵتێکەڵهاتن
  6. بوورانەوە
  7. هەستکردن بە ماندوویەتی و لاوازیی جەستە
  8. سەرگێژخواردن

هۆکارەکان

  1. باوترین هۆکار بریتییەلە تەسکبوونەوە و گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ، بەهۆی نیشتنی چەوری تێیاندا
  2. نارێکیی لێدانی دڵ
  3. هەوکردنی خوێنبەرەکان
  4. کەمخوێنی

چی بکرێت لەکاتی بوونی ئازاری سنگدا؟

ئازاری سنگ دەبێت بەهەند وەربگیرێت. لە کاتی دروستبوونی ئەم ئازارە، دەبێت کەسەکە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکات بۆ دڵنیابوونەوە و رێگریکردن لە روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

رێگەکانی خۆپارێزی چین؟

  • خواردنی تەندروست
  • جووڵە و وەرزش
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان
  • هێشتنەوەی کێش لە سنوورێکی تەندروستدا
  • کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن
  • کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن
  • کۆنترۆڵکردنی گوشاری دەروونی
  • بەکارهێنانی دەرمان بەگوێرەی رێنماییەکانی پزیشک

چارەسەر

  • گۆڕینی شێوازی ژیان و دوورکەوتنەوە لەو شتانەی مەترسیی توشبوون زیاد دەکەن
  • چارەسەر بەهەندێک دەرمانی تایبەت بە رێنمایی پزیشک
  • چارەسەر بە نەشتەرگەری