لە پارێزی کیتۆدا چی بخۆین؟

پارێزی کیتۆ ئەو خۆراکانە لەخۆی دەگرێت کە بڕێکی کەم لە کاربۆهیدراتیان تێدایە.فۆتۆ: گێتی ئیمجس
پارێزی کیتۆ ئەو خۆراکانە لەخۆی دەگرێت کە بڕێکی کەم لە کاربۆهیدراتیان تێدایە.فۆتۆ: گێتی ئیمجس

کیتۆ، ئەو جۆرە پارێزەیە کە گرنگی دەدات بە خواردنی چەوری و کەمکردنەوەی شەکر (کاربۆهیدرات). پەیڕەوکاری کیتۆ دەتوانێت خۆراکی جۆراوجۆر وەکو بەرهەمی ئاژەڵی، شیرەمەنی و سەوزەکان بخوات.

رێجیمی کیتۆ ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە، بەهۆی بوونی ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن کاریگەریی باشی هەیە لە کێش دابەزاندن و رێکخستنەوەی شەکری خوێن. پەیڕەوکارانی ئەم رێجیمە، خواردنی رۆژانەی شەکر سنووردار دەکەن بۆ 20-50گرام.
تاوەکو ئێستا بەشێک لە مشتومڕەکان یەکلایی نەبوونەتەوە سەبارەت بە کیتۆ، پسپۆڕان پێویستییان بە لێکۆڵینەوەی زۆرترە بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە.

ماسی و خواردنی دەریایی

جۆرە جیاوازەکانی ماسی و رۆبیان هەڵبژاردەیەکی باشن لە رێجیمی کیتۆدا. ئەم خۆراکانە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین بی، پۆتاسیۆم و سێلینیۆم. ماسییەکان ئۆمێگا سێیان تێدایە، کە رێژەی ئنسۆلین کەمدەکاتەوە، وەڵامدانەوەی جەستە بۆ ئنسۆلین زۆرتر دەکات. توێژینەوەکان سەلماندوویانە زۆر خواردنی ماسی، تەندروستیی مێشک باشتردەکات و مەترسیی نەخۆشی کەمدەکاتەوە.

گۆشتی سوور و مریشک

ئەم دوو خۆراکە بە بنچینەی کیتۆ دادەنرێن. گۆشتی فرێش هیچ کاربۆهیدراتێکی تێدا نییە، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین بی و چەند کانزایەکی گرنگی دیکە، هەروەها سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە. باشترە گۆشتی ئاژەڵێک بخورێت کە بە گژو گیای ناو سروشت گەورەکراوە، نەوەکوو دانەوێڵە و بەرهەمی پیشەسازی، چونکە لەو ئاژەڵانەدا، رێژەی ئۆمێگا سێ و چەورییە سوودبەخشەکان زیاترە.

هێلکە

هەر هێلکەیەک شەش گرام پرۆتین و یەک گرام کاربۆهیدراتی تێدایە، بۆیە هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە لە پارێزی کیتۆدا. خواردنی هێلکە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی تێری، ئەم هۆڕمۆنە کاتێک دەردەدرێت کەسەکە تێر بێت و ئاماژەیەکە بۆ جەستە تاوەکوو هیچی دیکە نەخوات. گرنگە ئەو کەسانەی هێلکە دەخۆن، زەردێنەکەشی بخۆن، لەبەرئەوەی زۆربەی ماددەخۆراکییەکانی هێلکە لە زەردێنەکەیدایە.

بەرهەمە شیرەمەنییەکان

زۆربەی پەنیرەکان رێژەی کاربۆهیدراتیان کەمە و چەورییان زۆرە، بۆیە بە خواردنێکی باش دادەنرێن لە پارێزی کیتۆدا. خواردنی پەنیر دەبێتە هۆی پاراستنی توانای ماسولکە، دەکرێت لەگەڵ بەتەمەنچووندا کەمبکاتەوە.
ماست توانایەکی باشی هەیە لە کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن، بەڵام برێکی کەم کاربۆهیدراتی تێدایە، بۆیە پێویستە زۆری لێ نەخورێت. دەکرێت ماست بەتەنیا بخورێت یان چەرەسی لەگەڵ تێکەڵ بکرێت و وەک سووکەژەمێک سوودی لێ ببینرێت.

شیرەمەنییەکانی دیکە، بەگوێرەی رێژەی چەوری و کاربۆهیدرات مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەگشتی ئەو شیرەمەنییانەی چەورییان زۆرترە، بۆ کیتۆ گونجاوون.

سەوزەکان

سەوزەکان بڕێکی کەم لە کاربۆهیدراتیان تێدایە، لەپاڵ چەندین ماددەی دژەئۆکسێن، ڤیتامین و کانزا، بەشێکی گرنگی پارێزی کیتۆن.

  • بیبەر: لە بنەچەدا میوەیە، یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکان بۆ کیتۆ؛ سەرەڕای ئەمەش، سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین سییە.
  • کوولەکە
  • قارچک
  • خەیار
  • تەماتە
  • توور
  • کاهوو
  • کەلەرم
  • سپێناخ
  • قەڕنابیت
  • مەعدەنووس
  • جاترە
  • رەیحانە
  • بامێ
  • باینجان

گوێز و چەرەس

چەرەس چەوریی زۆرە، بڕێکی باش لە ریشاڵی تێدایە، بۆیە وا دەکات کەسەکە کەمتر بخوات. رێژەی کاربۆهیدرات لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی چەرەسدا دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی رێژەکەی کەمە. گرنگترین ئەو چەرەسانەی لە کیتۆدا بەکاردەهێنرێن، ئەمانەن:

  • بادەم
  • گوێز
  • کونجی
  • گوڵەبەڕۆژە

تووەکان

زۆربەی میوەکان، بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر شەکر و کاربۆهیدرات تێیاندا، لە پارێزی کیتۆدا ناخورێن، بەڵام تووەکان، وەکوو توودڕک، تووەشینە و شلیک ریشاڵیان زۆرە و کاربۆهیدراتیان کەمە، ئەمە وا دەکات گونجاو بن بۆ کیتۆ. جگەلەمەش، ئەم تووانە ماددەی دژەئۆکسێنیان تێدایە.

شوکلاتی تاڵ و کاکاو

کاکاو سەرچاوەیەکی باشی دژەئۆکسێنەکانە، هەروەها چەند ماددەیەکی تێدایە فشاری خوێن دادەبەزێنن و بۆرییەکانی خوێن تەندروست رادەگرن، بەڵام ئەو شوکلاتەی کە دەخورێت، دەبێت لانیکەم 70% لە کاکاو پێکهاتبێت.
ناشبێت زێدەڕۆیی لە خواردنی شوکلاتەی تاڵدا بکرێت.

چا و قاوە

ئەم دوو خواردنەوەیە، ئەگەر بەتەنیا بخورێنەوە، گونجاون بۆ کیتۆ. نابێت شەکر و خورمایان پێوە بخورێت.

ئاوی گازداری بێشەکر (سۆدە)

ئەم خواردنەوە گازدارە وەک جێگرەوەیەکی خواردنەوە گازییەکانی دیکە بەکاردێت. باشترە پێش خواردنەوەی سەیری پێکهاتەکانی بکرێت، چونکە هەندێک جۆری سۆدە لەوانەیە شەکریان تێدا بێت.

چەوری و زەیتەکان

زەیتی زەیتوون چەندین پێکهاتەی باشی تێدایە کە وەک دژەئۆکسێن و دژەهەوکردن کار دەکەن. ئەم زەیتە هیچ کاربۆهیدراتێکی تێدا نییە، دەتوانرێت بۆ ناو زەڵاتە و جۆرەکانی دیکەی خواردن بەکاربهێنرێت. لەبەرئەوەی زەیتی زەیتوون لە پلەی گەرمیی زۆر بەرزدا جێگیر نییە، وا باشترە گەرم نەکرێت، بەڵکو دوای ئەوەی خواردنەکە ئامادە بوو، بکرێت بەسەریدا.
یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی چەوری، کەرەیە. بڕێکی زۆر کەم کاربۆهیدراتی تێدایە. پێشتر وا دادەنرا کەرە زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە لەوانەیە پێچەوانەکەی راست بێت و کەرە زیانی نەبێت.
جگە لەمانە، رۆنی گوێزهندیش گونجاوە بۆ پارێزی کیتۆ.