/

چارۆکەی سۆلار لە 26 رۆژدا دەگاتە مەریخ

کەشتیی ئاسمانیی چارۆکەی سۆلار
کەشتیی ئاسمانیی چارۆکەی سۆلار

لە لێکۆڵینەوەیەکدا، تیمێک لە زانایان، تەکنیکێکی نوێیان لەسەر کەشتیی ئاسمانیی چارۆکەی سۆلار تاقیکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت بە کەمترین کات، بەرەو هەسارەی مەریخ و دوورتریش گەشت بکات.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تیمێک لە زانایان لە زانکۆی دریسدنیی ئەڵمانیا ئەنجامدراوە، باس لە بەکارهێنانی ماددەی ئێرۆگرافایت دەکات لە چارۆکەی سۆلاردا، کە زۆرینەی لە کاربۆن پێکهاتووە و بە یەکێک لە سووکترین ماددەکان دادەنرێت تاوەکو ئێستا دروستکرابێت.

لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە،  بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە، کەشتیی ئاسمانیی چارۆکەی سۆلار، دەتوانێت تەنیا لە 26 رۆژدا بگاتە سەر هەسارەی مەریخ، لەکاتێکدا ئەم کارە بە بەکارهێنانی کەشتییەکی ئاسمانیی ئاسایی، حەوت بۆ نۆ مانگی پێدەچێت.

چارۆکەی سۆلار چییە؟

چارۆکەی سۆلار، جۆرێکە لە کەشتیی ئاسمانیی، زیاتر لە دەیان مەتر چارۆکەی پێوەیە، بە پێچەوانەی کەشتییە ئاسمانییەکانی دیکەوە کە کێشێکی قورسیان هەیە و سوتەمەنییەکی زۆریان پێویستە، ئەم کەشتییە، کێشی تەنیا یەک کیلۆگرامە و لە رێگەی تیشکی خۆرەوە دەتوانێت وزە بۆ خۆی دابین بکات.

تیشکی خۆر دەتوانێت بە بەردەوامی و بە درێژایی گەشتەکەی، پاڵ بە کەشتییەکەوە بنێت و خێراتری بکات، ئەمەش واتای ئەوەیە کەشتییە ئاسمانییەکە، دەتوانێت بگاتە خێراییەک کە مەحاڵە کەشتییەکانی دیکە بتوانن بەدەستیبهێنن.

ئەمە یەکەم جار نییە زاناکان پێشنیاری گەشتکردن بۆ بۆشایی ئاسمان دەکەن، بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە کەشتییە، تیمێکی زانایانی ناسا، لە راپۆرتێکدا لە ساڵی 2015، پێشنیاری رێگایەکی هاوشێوەیان کردووە، کە تیایدا کەشتیی چارۆکەی سۆلار، لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا دەگاتە هەسارەی مەریخ، بەڵام بە بارێکی زۆر کەمەوە، هاوکات بڕیارە نموونەیەکی نوێی تەکنەلۆجیاکە لە ناسا، لە شوباتی 2025دا، بنێردرێتە بۆشایی ئاسمان.

هەروەها کەشتیی ئاسمانیی ئەرکی ئیکارۆس، لە ساڵی 2010، لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ژاپۆنەوە نێردراوە، یەکەم کەشتیی ئاسمان بووە بە وزەی خۆر کاربکات، لە ساڵی 2015، زانایان تێبینی ئەوەیان کرد هێشتا کاردەکات، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەم تەکنیکە دەکرێت بۆ گەشتی درێژخایەنی نێوان هەسارەکان بەکاربهێنرێت.

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدایە، هەندێک لە وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر مەریخ، مانگ و هەسارەکانی دیکە، بنکە دابمەزرێنن، ئەم تەکنەلۆجیایە ئاسانکاری لە گواستنەوەی شتومەک دەکات لە نێوان هەسارەکان.