مانچستەر یونایتد لە گێژاوێکە و کەس نایەوێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت

کۆمەڵێک لە یاریزانانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی AP فۆتۆ

جۆناسان ویلسۆن

وەرگێڕانی: نۆڤین مەجید

تەنانەت ئەگەر مانچێستەر یونایتد بەرامبەر ئەرسیناڵ سەرکەوتنی تۆمارکردایە، کێشە نێوخۆییەکانی یانەکە هەر سەریهەڵدەدا.

لە جیهانێکی خەیاڵیی مانچێستەر یونایتد، گۆڵەکەی گارناچۆ ئۆفساید نەبوو، گابرێل کارتی سووری وەرگتبوو، ئارسیناڵ دوو گۆڵی کوشندەی تۆمار نەکرد و هیچ یاریزانێکی مانچێستەر کێشەی بۆ دروست نەبووە. بەڵام لە جیهانی راستیدا، هەموو ئەمانە بە پێچەوانەوە بوو. تین هاگ دەبێت سەرقاڵی رێکخستنەوەی یانەکەی بێت، نەوەک رەخنەی بەردەوام لە لیژنەی دادوەری پریمەرلیگ بگرێت.

ئەنجامی یارییەکان دەتوانن ببن بە فریودەرێکی گەورە. کاتێک کە شەیتانە سوورەکان، توانیان سەرکەوتن بەسەر یانەی وۆڵڤسدا تۆمار بکەن، تین هاگ هیچ کێشەیەکی نەبوو و رەخنەی لە کەس و لە هیچ نەگرت. پێویستە راهێنەرە هۆڵەندییەکە، گرنگی زیاتر بە ئەنجامەکان بدات. وەرزی رابردوو لە بەرامبەر 6 یانە گەورەکەی پریمەرلیگ، تەنها 1 خاڵی بەدەست هێنا، ئەویش بەرامبەر تۆتنهامێکی لاواز و روخاو. 

تین هاگ، وەک زۆرینەری راهێنەرەکانی سەردەمی مۆدێرن، لەپاش دۆراندنەکانی دەستدەکات بە بەکارهێنای گوتەی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوانان. راهێنەرەکە بەردەوام رەخنە لە سیستەمی ڤار دەگرێت، ئەو وادەزانێت کە ڤار تەنها لە یارییەکانی مانچێستەردا هەڵە دەکات. بەڵام بینیمان کە پەنارتییەکی روون و ئاشکرا بۆ ئەرسیناڵ هەژمار نەکرا، ئەمەش نەبوو بە هەواڵ چونکە هیچ کەسێک پاش یارییەکە باسی لێوە نەکرد.

راهێنەرەکە دەبێت چیدیکە بەخۆیدا بچێتەوە، کێشەی زۆر گەورەتر رووی لە مانچێستەر کردووە وەک لە ڤار و ناوبژیوان. ئەو نەیتوانیوە تاوەکو ئێستا هۆکاری دورخستنەوەی سانچۆ روونبکاتەوە. چۆن دەبێت یاریزانێک بەو توانا و تەمەنەوە بەبێ هۆکار لە یانەکە دووربخرێتەوە؟ ئەمە تەنیا دوو شت دەگەینێت، یاخود تین هاگ یارییەکی ترسناک دەکات و بە پلانەوە بۆ کێشەکان دەروات، یاخود ئەوەیە راهێنەرەکە خلیسکاوە و ئاگای لە هیچ شتێک نییە.

راستە، تین هاگ سەرەتا وەک کەسایەتییەکی بەهێز و چاونەترس دەرکەوت. بەرێوبەرانی یانەکە پێیان وابوو دەبێتە فریادرەسی یانەکە. بەڵام لەبری ئەوەی بە رێچکەی سێر ئەلێکس فێرگیسۆندا بروات، رێچکەی جۆزێ مۆرینیۆی گرتۆتبەر.

دەبێت ئەو راستییەش بزانین، تین هاگیش تا رادەیەک قوربانی چەندین ساڵی گرفت و کێشەکانی ئەم یانەیە. پاش وازهێنانی فێرگیسۆن، مانچێستەر تادەبوو بەرەو دارمان هەنگاوی دەنا و یاریزانی پێویستیان لەخۆ کۆنەکردەوە. یارییەکەی ئەرسیناڵ بۆ نموونە، پێکهاتەی ئەرسیناڵ پڕبوو لە یاریزانی لاو و نوێ. لەبەرامبەردا مانچێستەر مارسیالی لە هێرشبەردا دانابوو. چۆن دەبێت ئەگەر یاریزانێکت پێکانی هەبێت تاکە بژاردەت یاریزانێکی 31 ساڵ بێت کە لە بنەرەتدا هێرشبەر نیە!

سەرەرای هەموو ئەمانە، مانچێستەر کێشەی لە هێڵی بەرگریدا هەیە. پێویستیان بە یاریزانێکی خێرا، لاو و بەهێز هەیە بۆ دڵی بەرگری، بەڵام یانەکە هەڵسا گرێبەستی لەگەڵ جۆنی ئیڤانسی 35 ساڵ کرد، کە پێشتر بەهۆی ئاستی خراپییەوە لە یانەکە دەرکرا.

پێویستە باسی خێزانی گلەیزەریش بکەین. ئەم خێزانە لە مێژە خاوەنی یانەی شەیتانە سوورەکانن. بەڵام هاندەرانی یونایتد بەردەوام داوای دەرکردنی ئەم خێزانە دەکەن. گلەیزەرس، کۆنتۆڵی یانەکەیان کردووە لە هەموو روویەکەوە. هەموو یانەکانی پریمەرلیگ پارەی خەیاڵی خەرجدەکەن. یانەی چێڵسی بۆ نموونە تەنها لەم میرکاتۆیەدا، 1 ملیار دۆلاریان خەرج کردووە. یونایتدیش لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا 41o ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە. چۆن دەبێت یانەیەکی مێژوویی وەکو مانچێستەر بەمشێوەیە بێت؟ ئەم خێزانە لە کەیسی سانچۆشدا پشتگیری تین هاگ دەکەن. وەک وتمان کەس هۆکاری دوورخستنەوەی سانچۆ نازانێت.

ئەگەر بێینە سەر باسی کێشەی تاکتیکی یانەکە. ئەوا دەبێت لە هێڵی ناوەراستەوە دەستپێبکەین. گەورەترین کێشەی تاکتیکی یونایتد، هێلی ناوەراستێتی کە وەکو شەقامێکی فراوانی لێهاتووە بۆ یاریزانەکانی یانەی بەرامبەر. لە یارییەکەی ئەرسیناڵدا بینیمان کە مارتین ئۆدیگارد، چۆن دەیتوانی بە ئاسانی خۆی بگەیەنێت بە ناوچەی بەرگری مانچێستەر. تین هاگ لەبری ئەوەی دەربارەی ڤار بدوێت، پێویستە بە تەکتیکەکانی خۆیدا بچێتەوە.

وای دابنێین مانچێستەر یارییەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ بەشێوەیەک لە شێوەکان بردەوە، هیچ واتایەکی نابێت چونکە دەبێت پێداچونەوەیەک بە سیاسەت و تاکتیک و شێوازی رێکخستنی خۆیان بکەنەوە.

رۆژێک لە رۆژان یەکێک دێت و دەبێتە فریادرەسی مانچێستەر و بەرپرسیارییەتیەکان لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئەو رۆژە یەکجار دوورە.