/

نوێترین وێنەی گەردوون لەلایەن تەلەسکۆپی یوکلیدەوە نێردرایەوە سەر زەوی

مرۆڤ هەمیشە لە تامەزرۆی بینینی شوێن و شتە پەنهانەکان و  زانینی نهێنییەکانی گەردوون بووە، ئەگەر سەردەمانێک بیرکردنەوە لە خولیای بینینی سەروو هەورەکان بۆ مرۆڤ شتێکی ئەستەم بوبێت، ئەوا ئێستا هەوڵەکانی بینینی ملیۆنان گەلەئەستێرەی گەردوون و  دیمەنەکانی سەرەتای درووستبوونی گەردوون دەبێتە راستی.

رۆژی سێشەممە 7ی تشرینی دووەم، یەکەم وێنەی گەردوونیی لە تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی یوکلیدەوە نێردرایەوە سەر زەوی.

یوکلید، زانایەکی بیرکاری یۆنانیی بووە، سێ سەدە پێش زایین ژیاوە، بەڵام ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا تێلیسکۆپەکەیان بەناوی ئەو زانایەوە ناوناوە، لەتوانایدایە جیاواز لە تێلیسکۆپەکانی دیکە وێنەی فراوان و دوورمەودای سێیەکی بۆشایی ئاسمان بگرێت، لە هەردوو ڕووناکی بینراو، نزیک ژێر سووردا.

تەلەسکۆپی یوکلید

یوکلید، توانای دیاریکردنی شوێن و شێوەی ئەو گەلەئەستێرانەی هەیەکە 10 ملیار ساڵی ڕووناکی دوورن، بینین و وێنەکانی نزیکدەبنەوە لەسەردەمی ئەو تەقینەوە گەورەیەی دەوترێت هۆکاربووە بۆ درووستبوونی گەردوون.

زاناکان ئومێدەوارن بەهۆی وێنەکانی یوکلیدەوە تێگەیشتنیان فراوانتر بێت بۆ "وزەی تاریک" و "ماددە تاریکەکان" کە لە گەردووندا بەردەوام لە زۆربوون و فراوانبووندان و پێکهێنەری سەرەکی گەردونن.

بڕیاربوو تەلیسکۆپەکە بە موشەکێکی رووسی رەوانەی ئاسمان بکرێت، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ئاژانسەکانی بۆشای ئاسمانیی رووسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵیان پچڕاند.

ئەمجارە کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک ئەرکەکەی لە ئەستۆ گرت، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، سپەیس ئێکس تەلیسکۆبەکەی بۆ دووری 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر رەوانەی بۆشای ئاسمان کرد. تێچووی ئەرکەکەش بە 1.5 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.