/

سپەیس ئێکس مانگە دەستکردەکانی ئەمازۆن بۆ بۆشایی ئاسمان دەبات

موشەکی فالکۆنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس
موشەکی فالکۆنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس

کۆمپانیای ئەمازۆن داوای هاوکاری لە یەکێک لە رکابەرەکانی دەکات، تاوەکو مانگە دەستکردەکانی بگەیەنێت بە بۆشایی ئاسمان.

رۆژی هەینی، 1ی کانوونی یەکەمی 2023، کۆمپانیای ئەمازۆن رایگەیاند، موشەکەکانی فالکۆن 9ی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک بەکاردەهێنن، تاوەکو لە سەرەتای ساڵی 2025 مانگە دەستکردەکانیان بەرەو بۆشایی ئاسمان ببات.

موشەکی فالکۆن 9ی سپەیس ئێکس، دیزاینکراوە بۆ گواستنەوەی سەلامەتی خەڵک و شتومەک بۆ خولگەی زەوی و دوورتریش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 270 گەشتی سەرکەوتووی ئەنجامداوە، هاوکات موشەکەکە دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە.

"پرۆژەی کایپەر"

لە ساڵی 2019، پرۆژەی کایپەر، دوای پڕۆژەی ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس راگەیەندرا، کە بڕی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێداکراوە و تایبەتە بە خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ئینتەرنێت.

کۆمپانیاکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بۆ یەکەم جار، بە سەرکەوتوویی، دوو مانگی دەستکردی تاقیکاری لە فلۆریداوە بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدا.

کایپەر دەیەوێت رکابەری ستارلینک بکات، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بیکات، بەو پێیەی ئێستا کۆمپانیای ستارلینک، زیاتر لە پێنج هەزار مانگی دەستکردی لە بۆشایی ئاسماندا هەیە.

ئەمازۆن، بۆ بڵاوکردنەوەی بەشەکانی دیکەی تۆڕی کایپەر، گرێبەستی بۆ هەڵدانی 83 موشەکی دیکە، لە کۆمپانیا جیاوازەکانی موشەکەوە مسۆگەر کردووە، لەوانە کۆمپانیای بلو ئۆریجن، کە بە هەمان شێوەی ئەمازۆن، لەلایەن جێف بەیزۆسەوە خاوەندارێتی دەکرێت، یونایتد لاونچ ئەلیانس و ئاریانسپەیسی ئەوروپا.

کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی وەکو ستارلینک و ئەمازۆن، لە کێبڕکێدان تاوەکو بتوانن باشترین خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشکەشبکەن، بە ئەو پێیەی دابینکردنی ئینتەرنێت لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە، بە داهاتووی ئینتەرنێت دادەنرێت و تەکنەلۆجیاکە توانای هەیە، لە کات و شوێنە سەختەکاندا ئینتەرنێت دابین بکات.

کۆمپانیاکە پلانی هەیە سێ هەزار و 236 مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵبدات.