لە هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە

ساڵانە بڕی 500 تا 600 ملم بڕی بارینی بارانمان پێویستە بۆ کشتوکاڵ

بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان (گەنم، جۆ، نۆک، فاسۆلیا، نیسک و سەوزەوات) بەرهەمی کشتوکاڵى زستانەن، بۆ چاندنى ئەم بەرووبوومانە، پێشهاتنی وەرزی زستان زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بۆ ئامادە دەکرێت.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە و جووتیاران دەستبەکێڵانی زەوییەکان دەکەن بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەرزی زستان.

بەرهەمی زستانەی هەرێمی کوردستان پشت بە باران دەبەستێت و کاتی پەڵەدانیش لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕێت.

لوقمان عومەر ، شارەزای ژینگەی کشتوکاڵی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 گوتی :" ساڵانە بڕی 500 تا 600 ملم بڕی بارانمان پێویستە بۆ کشتوکاڵ و هەر ساڵێک ئەو بڕە بگاتە 700 ملم، بەساڵێکی پڕ پیت و بەرەکەت ناودەبرێت".     

لەبارەی دیاردەی پەڵەدانی ئەمساڵەوە گوتی : " لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا رێژەی بارانبارین گەیشتوەتە 72 ملم، کە رێژەیەکی بەرزە و پەڵەدان روویداوە، بەجۆرێک بۆ پەڵەدان یەك ملم باران بۆ یەک سانتیمەتر زەوی پێویستە، واتە لەیەک مەتر زەویدا یەک لیتر باران پێویستە، بەڵام لە 24 کاتژمێری رابردوودا 72 ملم لەیەک مەتردا باریوە".                 

گوتیشی :" ساڵی رابردوو رێژەی بارینی باران بۆ کشتوکاڵ زۆر باش بووە و زیاتر لە بڕی پێویست باریوە، بەجۆرێک تەنها لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 600 ملم باران باریوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی وەک قەرەداغ و شارباژێر نزیکەی 900 ملم باران باریوە، بەڵام بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ کشتوکاڵ زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە یەدەگی گلدانەوەی ئاو و مانەوەی ئاوی پێویست بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان تا مانگی حوزەیزان".

لەهەرێمی کوردستان چاندنی بەرووبوومە کشوکاڵییەکانی وەرزی زستان لەمانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات و لە تشرینی دووەمەوە بەرهەمیان دەبێت، بەجۆرێک بەکۆیی گشتی 30 تۆن لەرۆژێکدا دەگاتە نێو عەلوەی سلێمانی، بەرووبوومی جووتیاران لە مساڵدا 80%ی بەرهەمی خۆماڵی بووە".

حاجی سەروەر، بازرگانی هاوردەکردنی میوەو سەوزە لە عەلوەی سلێمانی، لەلێدوانێکدا بۆ  کەناڵ8 روونیكردەوە :" ئێستا بەرووبوومی کشتوکاڵی زستانەی خۆماڵی تەنها سەوزە گەڵادارەکانمان هەیە لەگەڵ ئەو بەرووبوومانەی بەشێوەی سەلک لەژێر زەوی پێدەگەن".

 بەگوتەی شارەزایانی کشتوکاڵی، ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین بۆ کشتوکاڵ زۆر باش بووە و زیاتر لە بڕی پێویست باران باریوە، دەستپێکى باران بارینى ئەمساڵیش ئاماژەى دڵخۆشکەربوون بۆ وەزرێکى پڕ بەرهەمى کشتوکاڵى لە زستاندا.