بانكی نێودەوڵەتی: عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نییە کە کێشەی هەڵاوسانی خۆراکیان هەیە

حکومەتی عێراق ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پشتگیریکردنی بەرنامەی سەبەتەی خۆراک.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق لە لیستی ئەو 10 وڵاتەدا نەبووە، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هەڵاوسانی خۆراکەوە لە جیهاندا.

میسر لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە بەرێژەی %36، لوبنان پلەی دووەمە بەرێژەی %31، رواندا پلەی سێیەمە بەرێژەی %15.

بەگوێرەی راپۆرتە ئابوورییەکان، حکومەتی عێراق ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پشتگیریکردنی بەرنامەی سەبەتەی خۆراک، کە نزیکەی 42 ملیۆن هاونیشتمانی عێراقی لەخۆ دەگرێت، کە خۆراک وەردەگرن، تێچووی هاوردەکردنی سەبەتەی خۆراکی بۆ هەر کەسێک مانگانە 8 دۆلارە، لە کاتێکدا لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا هاوتایە بە 18 دۆلار.

حکومەتی عێراق مانگانە سەبەتەی خۆراک دابیندەکات، کە ئارد، برنج، زەیت، دۆشاو و شەکر لەخۆ دەگرێت، ئەمەش یارمەتی خێزانەکان دەدات بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییە خۆراکییەکانی رۆژانەیان.

لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، وەزارەتی بازرگانی سەنتەری بازاڕکردنی کردووەتەوە، بۆ فرۆشتنی بەرهەمە خۆراکییەکان لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بازاڕکردن لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان، کە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەکات.