/

ئەمریکا و کۆریای باکوور لەسەر بۆشایی ئاسمان شەڕیانە

رەوانەکردنی مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکوور بۆ خوولگەی زەوی، ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی قووڵترکردەوە.

رەوانەکردنی مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکوور بۆ خوولگەی زەوی، ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی قووڵترکردەوە و ئەمریکا هەڕەشەی خستنەخوارەوەی دەکات.

کۆریای باکوور 22ی تشرینی دووەمی 2023 رایگەیاند، یەکەم مانگی دەستکردی خۆیان بۆ چاودێریی سەربازی بە ناوی مالیگیۆنگ-1 خستە خولگەی زەوییەوە، پاش تەنیا 10 رۆژ لە گەیشتنی مانگەکە بە ئامانجەکەی خۆی، کێشە لە نێوان واشنتۆن و پیۆنگیانگ سەریهەڵدا.

ئەمریکا هەڕەشەی لە ناوبردنی ئەو مانگە دەستکردەی کرد، چونکە وێنە و داتای چەندین شوێنی سەربازی و هەستیاری ئەمریکای ناردووە بۆ پیۆنگیانگ و هاتووەتە ناو خولگەی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکاوە.

ئاژانسی ناوەندیی هەواڵەکانی کۆریای باکوور لەسەر زاری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند، هەڕەشەکەی ئەمریکا وەک هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگ تەماشادەکرێت.

گوتەبێژەکە راشیگەیاندووە، هەموو هەوڵەکانی ئەمریکا بە توندی وەڵامدەدرێتەوە و مانگە دەستکردەکانیشی لە ئاسمانی کۆریا لەناودەبرێن.

هێرش و وەڵامە توندەکانی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور لەکاتێکدایە، شێرێل کلینکڵ، گوتەبێژی سەرکردایەتیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا رایەگەیاندبوو، ئەمریکا وەڵامی هەموو هێرشێکی هێزەکانی دوژمن دەداتەوە لە هەر لایەکەوە بێت.

شارەزایانی بواری مانگە دەستکردەکان، مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکوور بە هەنگاوێکی ئەرێنی و پێشکەوتن ناودەبەن، چونکە لە رێگەیەوە ئەو وڵاتە دەتوانێت زانیارییە سەربازیەکانی بەهێزتر بکات و چاودێری کۆریای باشوور بکات چونکە کێشە هەیە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

کۆریای باکوور بە هۆی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە رێگریلێکراوە چەکی بالیستی و تەکنەلۆجیای مانگی دەستکرد دروستبکات و پەرەیپێبدات، بۆیە تەنیا حەوت مانگی دەستکردی هەیە کە لە ساڵانی رابردوودا دروستیکردووون، لەبەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی سێ هەزار و 415 مانگی دەستکردە و لەو ژمارەیەش 218 دانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێن.

کێشەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور دەگەڕێنەوە بۆ 73 ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی کۆریا، ئەمریکا لایەنگریی بەرەی کۆریای باشوور بوو لە دژی بەرەی کۆریای باکوور کە چین و رووسیا لایەنگریان دەکرد.