گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ كەناڵ8:هیچ بودجەیەكمان بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران نییە

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "وەزارەت هیچ بودجەیەكی لەبەردەستدا نییە بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران".

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەناڵ8ی گوت "بەهۆی ململانێ سیاسییەكان و ناهاوسەنگی دۆخی ئیداری لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێم جووتیاران بوونەتە هۆی بێبەشبوون لەو هاوكارییە ماددی و مەعنەوییانەی كە لە حكومەتی عێراقەوە دەدرێت بە جوتیاران و جوتیارانی هەرێم لێی بێبەشن ".

روونیشیكردەوە "وەكو وەزارەت هەمیشە پێداگیریمان لەو مافانە كردووە و كێشە و گرفتەكانمان گەیاندووتە لایەنی پەیوەندیدار لە بەغداد".

گوتیشی "خاك و كەشوهەوای كوردستان لە عێراق لەبارترە و ئێمە دەتوانین ببینە سەبەتەی خۆراك بۆ هاوڵاتیانی عێراق".

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوە كرد "كێشە و گرفتەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق باس كراوە و تەنانەت ئەوەشمان بە وەزیری كشتوكاڵی عێراق گوتووە جیاوازیش دەكرێت لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و عێراق".

هیوا عەلی روونیكردەوە "تاوەكو پێش هاتنی داعش پەینی كیمیایی و دەرمانی قڕكەر دەدرا بە جووتیاران بەڵام لەدوای هاتنی قەیرانەكان نەتوانرا داواكارییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لەو بوارانەدا جێبەجێ بكرێت".

گوتیشی "وەزارەت بودجەی لەیەردەستدا نییە بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و پێشتر بوودجەیەك هەبوو بۆ راستەوخۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و وەزیر دەسەڵاتی هەبوو بە پێدانی پاڵپشتییەكە و قەرەبووكردنەوەی زیانی جووتیاران".

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى بەهۆى بە پیتى زەوییەکەیەوە، بە وڵاتى کشتوکاڵى ناسراوە لە مێژوودا، بەڵام ئێستا سیاسەتى کشتوکاڵى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، ناسنامەکەى لێسەندوەتەوە و بەشێوەیەک لە ئێستادا وڵاتەکە پشت بە هاوردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت لە ئێران و تورکیاوە.

ئەگەر چى دۆخى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان و عێراق، لە قەیراندایە، بەڵام هێشتا جیاوازى لەنێوان هاوکاریکردنى جووتیار و خزمەتکردنى کەرتى کشتوکاڵ لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە.

كەناڵ8 لەم گرافیكەدا جیاوازی هاوکارییەکان بۆ جووتیاران لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراقدا دەخاتەڕوو: