پلانی کشتوکاڵى عێراق بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمی گەنم ئاشكرا دەكرێت

عێراق پلانی چاندنی زستانە بۆ بەرهەمی گەنم بۆ نزیکەی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوى ئامادە دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵى وڵاتەکەش دەڵێت، ئامانجییانە بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە.

محەمەد خوزەیی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵى عێراق بە میدیاى فەرمى حکومەتى راگەیاند، "پلانی چاندنی زستانە بۆ بەرهەمی گەنم ئامادەکراوە بۆ نزیکەی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دۆنم، لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى عێراق".

گوتیشى، وەرزى رابردوو بەرهەمى گەنم لە عێراق گەیشتووەتە ئاستى خۆبژێوى و ئامانجییانە بۆ ئەمساڵ رێژەى بەرهەمى گەنم بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبکەنەوە.

ئامارێكى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق دەریدەخات، بەرهەمى گەنمى وەرزى رابردوو پێنج ملیۆن و 200 هەزۆر تۆن بووە و دەیانەوێت لەمساڵدا بەرهەمەکە بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە.

بەگوێرەى ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن کەسە و ساڵانە پێویستی بە چوار بۆ پێنج ملیۆن تۆن گەنم ھەیە.

لە مانگی ئەیلوولی 2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "یەدەگی ستراتیژی گەنم لە عێراق ھێندە زۆرە کە بەشی زیاتر لە ساڵێک دەکات".

بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى بازرگانى عێراق، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بە رێژەی %30ی زیاتر بووە، بەراوورد بە بەرهەمی ساڵی رابردوو، بەرهەمى گەنمیش پێداویستی بۆ بەشە ئاردی مانگانە پڕدەکاتەوە..